رووداو دیجیتاڵ
دوایین کەمپی ئاوارەکانی عێراق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوای تەواوبوونی وەرزی خوێندنی ئەمساڵ دادەخرێت. سبەی 125 خێزانی دیکەی کەمپەکە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
کەمپی ئاشتی، دەکەوێتە ناحیەی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەزار و 875 خێزانی ئاوارەی تێدایە بوو. سەرەتای ئەم مانگە 120 خێزانی کەمپەکە گەڕانەوە زێدی خۆیان، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگای سەلاحەدین بوون، دوای ئەوەی رێکارەکان و ئەستۆپاکیان تەواو کرد.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە 27ی نیسانی 2024 بە رووداوی راگەیاند: "لە پارێزگای سلێمانی تەنیا یەک کەمپی ئاوارەکان ماوە، ئەویش کەمپی ئاشتییە. ئێستا ژمارەی ئاوارەکانی بۆ نزیکەی نیوە کەمبووەتەوە، ئەوانی دیکە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".
رۆژی 19 ئاداری 2024 کەمپی تازە دێ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان داخرا. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستاندا 23 کەمپ هەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: "دوای 15ی ئایار کە وەرزی خوێندنی ئەمساڵ کۆتایی دێت، تەواوی ئاوارەکانی ئەو کەمپە دەگەڕێنەوە و کەمپەکە دادەخرێت."
ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی کاروانێکی دیکەی ئاوارەکانی کەمپەکە تەواو بووە، دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت رۆژی یەکشەممە 27ی نیسانی 2024 بە رووداوی گوت: "هەفتانە خێزان لەو کەمپە دەگەڕێنەوە. بڕیارە سێشەممە 125 خێزانی دیکە بگەڕێنەوە، هەموو ئامادەکارییەک کراوە.
ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە، چەکێکی چوار ملیۆن دیناریان دەدرێتێ، لەگەڵ تەلەفزیۆن، تەباخ و بەفرگر.
نزیکەی 30 هەزار خێزانی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین. بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت،"بە گەڕانەوەی ئەو 125 خێزانە، دەبێتە 521 خێزانی گەڕاوە، هێشتا هەزار و 354 خێزانی دیکە لە کەمپەکە دەمێننەوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی عەرەبەت گوتی: "بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دوای تەواوبوونی خوێندنی ئەمساڵ کەمپەکە دادەخرێت، بۆیە تاوەکو 30ی مانگی شەشی ئەمساڵ کەمپەکە دادەخرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ