رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی کوردستان، کە ناوەکەی رەنگدانەوەی رۆڵیەتی وەک شوێنێکی کۆکەرەوەی خوێندکارانی پارچەکانی کوردستان، ماوەی 37 ساڵە لە خزمەتی خوێندکاراندایە.
ساڵانە هەزاران خوێندکار لەو زانکۆیەدا بڕوانامە لە حەوت کۆلێژ و 53 بەشی جیاجیادا وەردەگرن.
زانکۆکە لە ریزبەندی زانکۆکانی ئێراندا، لە کۆی 170 زانکۆ، پلەی نۆیەمی بەدەستهێناوە. لەلایەکی دیکەوە، باڵاترین خەڵاتی زانستیی ساڵانە لە سەرتاسەری ئێران کە بە 20 مامۆستای زانکۆ دەبەخشرێت، ئەم ساڵ دوو مامۆستای کورد لەنێو وەرگرانی ئەو خەڵاتەدا بوون:
هەر یەکە لە پرۆفیسۆر عەبدوڵڵا سەلیمی و دکتۆر حەسەن بێورانی کە هەردووکیان مامۆستان لە زانکۆی کوردستان، خەڵاتەکەیان پێبەخشراوە.
پرۆفیسۆر عەبدوڵڵا سەلیمی بە رووداوی گوت: خەڵاتەکە بەو کەسانە دەدرێت کە کاری باشیان کردووە و سەرمایەگوزارییان لە پێگەیاندنی خوێندکاراندا کردووە.
جگە لە پێشکەشکردنی زانست و زانیاری سەردەمییانە و بەدەستهێنانی بڕوانامە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زانکۆی کوردستان ئەوەیە کە لە یەک پۆلدا خوێندکارانی حەوت وڵاتی جیاواز پێکەوە دەخوێنن. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئاشنابوون بە کولتوور و فەرهەنگی جیاجیا.
کۆژین مەروان و ئەحمەد ئومێد، دوو خوێندکاری زانکۆکەن و لە هەولێر و کەرکووکەوە چوونە بۆ خوێندن، ئەوان دەڵێن، نرخەکەی هەرزانترە و ئاستیشی بەرزە.
دکتۆر حەبیب سلمانی، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێمە بەپێی ریزبەندیی تایمز، لەنێوان 1001 بۆ 1200 داین، ئەوەش ریزبەندییەکی پەسندە لەسەر ئاستی جیهان."
زانکۆی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە لایەنی کرداری و زارەکی دەدات لە تەواوی ئەو بەشانەی کە پێویستیان پێیەتی. بە شێوەیەکی کرداری، خوێندکاران رادەهێنرێن و فێری پیشەکانیان دەکرێن، ئەوەش بۆ بازاڕی کار ئامادەیان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ