لە کەرکووک رێگە بە خەڵک دەدرێت لە ماڵەوە قوربانی بکەن

29-06-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، هیچ رێگرییەک نییە کە هاونیشتمانییان لە ماڵەوە قوربانی بکەن. دەشڵێت، لە یەکەم رۆژی جەژندا هیچ رووداوێکی ئەمنی لە کەرکووک رووی نەداوە.
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کەرکووک هیچ بڕیار و رێنوێنییەک نییە هاونیشتمانییان پابەند بکرێن قوربانی لە ماڵەوە نەکەن، بەڵکو ئازادن لە ماڵەوە یان لە سەربڕخانە قوربانییەکە بکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە پابەندیی رێنوێنی و رێکارە تەندروستییەکان بن."
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی دەرکردووە کە بۆ جەژن نابێت لە دەرەوەی سەربڕخانەکان قوربانی بکرێت. بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ڤێتێرنێری، هەر ئاژەڵێک کە دەکرێتە قوربانی، دەبێت پێش سەربڕین و دوای سەربڕین پشکنینی تەندروستیی بۆ بکرێت، لە ئەگەری هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، دەبێت گۆشتەکەی بە رێگەی سووتان لەنێوببرێت، بەڵام لە گوندەکان و سەربڕخانەکانی سەر شەقام بەبێ پشکنین ئاژەڵ سەردەبڕدرێت.
 
لەبارەی رووداوەکانی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە کەرکووک، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ئەوەی خستەڕوو، "لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا هیچ رووداوێکی ئەمنی تۆمار نەکراوە کە شیاوی باسکردن بێت، تەنیا سووتانی پاشماوەکانی نەوت بوو کە دووکەڵێکی زۆری بۆ سەر شاری کەرکووک دروستکرد."
 
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک شەوی 28ی حوزەیرانی 2023، لەبارەی کەوتنەوەی ئاگرەکەی نزیک کۆمپانیای گازی باکوور لە شاری کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگرەکە لەلایەن جووتیارێکی ناوچەکە کراوەتەوە کە ئاگری لە پووش و پەڵاش بەرداوە و دواتر تەشەنەی سەندووە و گەیشتووەتە پاشماوە نەوتییەکان و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و هێزەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە."
 
دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە هێرشێکی تیرۆریستییە، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق گەمارۆی سێ چەکداری داعشیان لەو ناوچەیە دابوو، بەڵام ئەو سەرچاوەیە رەتیکردەوە ئاگرەکە پەیوەندیی بە کردەوەی تیرۆریستییەوە هەبووبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.