زانیاری لەبارەی کاتی درێژکردنەوەی تۆمارکردنی فۆرمی خۆراک؛ '99% درێژ دەکرێتەوە'

29-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی قسەیان کردووە و 99% کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی درێژ دەکرێتەوە.
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ملیۆنێک و 984 هەزار خێزانی سنوورەکەمان، ملیۆنێک و 400 هەزار خێزان فۆرمی نوێیان پڕکردووەتەوە و نزیکەی 600 هەزار خێزان ماون."
 
لە 2ی ئەم مانگەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکردووە و دوایین رۆژیش 5ی مانگی تەممووزە.
 
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی، "بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقمان گوتووە خەڵکێکی زۆر ماون و دەبێت کاتەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوانیش گوتیان لە 5ی تەممووز تەماشای داتاکان دەکەین، ئەگەر خەڵک زۆر مابوو نووسراو بکەن و ئێمەش بەگوێرەی ئەوە مامەڵە دەکەین."
 
بە گوتەی سیامەند نانەکەلی، "99% کاتی پڕکردنەوەی فۆرم درێژ دەکرێتەوە."
 
ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لە دەرەوەی وڵاتن و بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراکیش دەبێت خۆیان ئامادە بن. بەگوێرەی سیستمەکە، خۆراکی هەموو ئەو کەسانە دەبڕدرێت کە لە دەرەوەی وڵاتن.
 
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی، "ئەوەی لە دەرەوەیە، هیچ چارەسەرێکی نییە و خۆی نەیەتەوە ناتوانێت خۆی تۆمار بکات. ئەوانەی ئێستا ناتوانن بێنەوە، لە داهاتووش بگەڕێنەوە دەتوانن لە رێگەی بەشی خزمەتگوزاریی فۆرمەکەوە بە ئۆنلاین خۆیان تۆمار بکەنەوە."
 
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادە کراوە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆمار دەکەیت.
 
زیاتر لە دوو ساڵە تۆمارکردنی منداڵی لەدایکبوو بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراک راگیراوە. لەبارەی کاتی کردنەوەی تۆمار، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر گوتی، "هەر کاتێک بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمەکە تەواو بوو، ئەوکات تۆماری منداڵ لە ئەپلیکەیشنەکەدا کارا دەبێت."
 
سیامەند نانەکەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە لە شارێک بۆ شارێکی دیکە، ئەوانیش لە دوای کۆتاییهاتنی بە ئەلیکترۆنیکردن دەتوانن هەر لە ماڵەوە فۆڕمەکەیان بگوازنەوە.
 
لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە، مانگانە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.