رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە سەیدسادق سێ کەسیان بە تۆمەتی گەڕان بەدوای شوێنەوار دا دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر دوو پارچە شوێنەوار دا گرتووە.
رۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی گەڕان بەدوای شوێنەوار دا دەستگیرکرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەکاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتباراندا، دەست بەسەر بەردێکی بەنرخ و مستیلەیەکدا گیراوە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ تۆمەتبار لەسەر بەرزاییەکانی سەیدسادق خەریکی گەڕان بوون بەدوای شوێنەواردا؛ دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس گومانیان لێکردوون و بەدواداچوونیان بۆ کردوون، دەستگیرکراون و بەپێی مادەی 4/24 لە یاسای شوێنەواری ژمارە 6ـی ساڵی 2021 راگیراون".
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، ئەو سێ تۆمەتبارە خەڵکی سەیدسادقن بە ناوەکانی (ش. ع. ئ)ـی تەمەن 45 ساڵ، (ک. غ. م)ـی تەمەن 40 ساڵ و (ن. س. ر)ـی تەمەن 40 ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ