رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆن بە چەند بڕیارێک ژمارەیەکی زۆر بەربژێری سزادا و داواکاریی رێکخراوێکی مافی مرۆڤی رۆژئاوای کوردستانیشی بۆ چاودێریی هەڵبژاردن رەتکردەوە. ئەسعەد عیدانی، یەکێک لەوانەی وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی دەهێنرێت دەڵێت، "حەز دەکات" ئەگەر ئەو بوو بە سەرۆکوەزیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆککۆماری عێراق بێت.
سەرۆک بارزانی لە دهۆکەوە گوتی: "هیواخوازم ئەو هەڵبژاردنەی لەپێشە بۆ عێراق، ئیدی دۆخێکی سەلامەتتر و تەندروستتر بێنێتە پێش، دۆخێک بێتە پێش کە ئەو دەستوورەی هەیە ببێتە دادوەر."
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش لەڕێگەی رووداوەوە رەتیکردەوە، هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ نەوەی نوێ و هیچ لایەنێکی سیاسی دیکە هەبێت، "چاویشیان لەوەیە لە هەموو بازنەکاندا کورسی بەدەستبێنن."
سەرۆک بارزانی: دەستوور دادوەر بێت
سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی لەبارەی جینۆسایدی گەلی کورد لە دهۆک، باسی لە هەڵبژاردن و خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند، "هیواخوازم ئەو هەڵبژاردنەی لەپێشە بۆ عێراق، ئیدی دۆخێکی سەلامەتتر و تەندروستتر بێنێتە پێش، دۆخێک بێتە پێش کە ئەو دەستوورەی هەیە ببێتە دادوەر."
سەرۆک بارزانی دڵنیایی دەدات ئەگەر دەستوور لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەنێوان هەر هاووڵاتییەک و حکومەتیش دادوەر بێ، هیچ کێشەیەک روونادات؛ "بەڵام ئەگەر میزاجی شەخسی بڕیار بدات، کێشەکان بەردەوام دەبن و گەورەتریش دەبن.''
27 بەربژێر دەبێت دوو ملیۆن دینار بدەن
چوار بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتن بە سزادانی 27 بەربژێری لیستە جیاوازەکان بەهۆی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەگوێرەی بڕیارەکان هەر یەک لەو بەربژێرانە بە دوو ملیۆن دینار سزای پێبژاردن دراون، لەو سپاردە داراییە دەبڕدرێت پێش بانگەشە رادەستی کۆمیسیۆنیان کردووە.
ئەو پێشێلکارییانەی بەربژێرەکانى لەسەر سزا دراوە، تایبەتن بە بانگەشەکردن و هەڵواسینی پۆستەر لەو شوێنانەی کە رێگەپێدراو نین.
27ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تێکڕای ئەو بەربژێرانەی بەهۆی سەرپێچی و پێشێلکردنی رێنمایی و یاساکانی کۆمیسیۆنەوە سزا دراون، گەیشتووەتە 580 بەربژێر."
شەش بەربژێری دیکە دوورخرانەوە
ژمارەی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەر کەمدەبێتەوە، ئەمجارە 6 بەربژێر لە رکابەری لیستەکان دوورخراونەتەوە، هۆکاری دوورخستنەوەکانیان جیاوازە و پەیوەندیدارن بە پێشینەی تاوان، ساختەکردنی بڕوانامە، بەعسی بوون.
بەربژێرە دوورخراوەکان بریتین لە: عەلی شایع، بەربژێری هاوپەیمانیی "فاو- زاخۆ" لە بەسرە، ئیبراهیم حەبیب، بەربژێری هاوپەیمانیی 'ئەبشر یا عێراق' لە بابل، حوسێن سوڵتانی، بەربژێری هاوپەیمانیی خزمەت لە بابل، ئەیاد تەمیمی، بەربژێری عومقى نیشتمانی لە بەغدا، محەممەد عەتییە، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری نیشتمانی لە ئەنبار، لەیلا کەریم، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دوورخستنەوەى بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی ساختەکردنی بڕوانامەوە بووە و فەرمانگەی یاسایی راسپێردراوە بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو بەربژێرە پێشکێش بکرێت.
یەکگرتوو: بۆ هەڵبژاردن رێککەوتنمان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە
سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بۆ هەڵبژاردن رێککەوتنیان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە و لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنمان کردووە."
لە پارێزگای کەرکووک، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لیست و بەربژێری نییە، بەڵام کادیرێکی حیزبەکە لەناو لیستی جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی بەربژێر کردووە. سەباح بابیری لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ نەوەی نوێ دەڵێ، "بابەتێکی تایبەتە کەسێک لەناو لیستی نەوەی نوێ خۆی بەربژێر کردووە و هیچ رێککەوتنێمان لەگەڵ نەوەی نوێ نییە".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چوار کورسی بەدەستهێنا، دوو کورسی لە بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و دوو کورسیش لە بازنەی دهۆک.
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهێزترین بەربژێریان داناوە و چاویان لەوەیە لە هەموو بازنەکان کورسی بەدەستبهێنن.
ئەسعەد عیدانی: ببمە سەرۆکوەزیران، حەزدەکەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆککۆمار بێت
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەگەر ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کام کەسایەتی بۆ پۆستەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان بە گونجاو دەزانێت، ئەسعەد عیدانی گوتی، "ئەگەر ببمە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەز دەکەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری عێراق بێت و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بێت."
ئەسعەد عەبدولئەمیر عەبدولغەفار عیدانی، ئێستا پارێزگاری بەسرەیە و بەربژێری ژمارە 1ـی هاوپەیمانیی "تەسمیم"ە لە پارێزگای بەسرە. ئەم هاوپەیمانییە خۆجێییە، کە تایبەتە بە پارێزگای بەسرە، بە 50 بەربژێرەوە لەو پارێزگایەدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشدارە.
عیدانی جەختی لە پەیوەندییە "باشەکان"ی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆستمە. پەیوەندییەکانم لەگەڵ هەردوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نایابن. بافڵ تاڵەبانی دۆستمە، هەروەها برام نێچیرڤان بارزانی دۆستمە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆستمە."
هاوپەیمانیی تەسمیم لە پەرلەمانی عێراقدا 7 کورسی هەیە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، ئەم هاوپەیمانییە لە پارێزگای بەسرە 12 کورسی لە کۆی 23 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا، کە 1 کورسییان پشکی (کۆتای) کریستیانەکان بوو.
مەرجەعی ئایینیی عێراقی: فرۆشتن یان کڕینی کارتی دەنگدان حەرامە
دێسکی عەرەبیی رووداو بە نامەیەک پرسیارێکیان ئاراستەی نووسینگەی مەرجەعی ئایینیی عێراقی، جەواد خالسی کرد لەبارەی بۆچوونی ئەو مەرجەعە لەبارەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان و وەڵامیان دایەوە.
شێخ جەواد کوڕی محەممەد کوڕی محەممەد مەهدی خاڵسی، مەرجەعێکی ئایینیی شیعە مەزهەب و سیاسییەکی دیاری عێراقە.
نووسینگەکەی لەزاری ئەو مەرجەعەی شیعەکان جەختی لەسەر "حەرامیی فرۆشتن یان کڕینی کارتی دەنگدان کردەوە، چونکە ئەم کارە نەک هەر حەرامە، ناپاکیی نیشتمانی و داڕووخانی ئەخلاقیشە".
لە وەڵامەکەدا باسیان لەوەش کردووە کە "گوناهە رازی بی بەم مامەڵەیە و بەشداری تێدا بکەی.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ