رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، داواکاری لە عێراق زۆرە، سەرەکیترینیان دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و هاوتاکردنییەتی لەگەڵ هێزەکانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە 259-10-2025، لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو میوان بوو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد و تاوتوێی ئەو داواکارییانەیان کرد کە وەزارەتی پێشمەرگە لە عێراق هەیەتی.
لیوا عوسمان محەممەد گوتی: "داواکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆرن. سەرەکیترینیان دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و هاوتاکردنییەتی لەگەڵ هێزەکانی عێراق؛ هاوکات دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانە لە بواری لۆجستی، لەگەڵ ئەو پێداویستییانەی هێزەکان لە بواری مەیدانیدا پێویستیانە."
وەزارەتی پێشمەرگە ماوەیەکی زۆرە لەبارەی هەندێک مژار گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات. گفتوگۆکان قۆناخی جیاوازییان بڕیوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا هیچ پێداویستییەک بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابین نەکراوە."
لەبارەی مووچە و بودجەی هێزی پێشمەرگەوە، لیوا عوسمان محەممەد گوتی: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکەکەی لە ئەستۆی خۆی نەگرتبا، بێگومان ئێستا کێشەی گەورە لەو رووەوە رووی دەدا."
سەبارەت بە جیاوازیی مووچەی پێشمەرگەیەک لەگەڵ سەربازێکی سوپای عێراق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "پێشمەرگەیەک کە دادەمەزرێ، مووچەکەی 501 هەزار دینارە؛ بەڵام سەربازێک کە لە سوپای عێراق دادەمەزرێ مووچەکەی یەک ملیۆن و 47 هەزار دینارە. جگە لەوەی سەبازەکە کۆمەڵێک دەرماڵەی دیکەی هەیە و مووچەکەی بەرزدەکەنەوە."
لیوا عوسمان محەممەد دەشڵێت: "جیاوازیی مووچەی پێشمەرگە و سەرباز کێشەی سەرەکییە. داوا لەو لایەنانە دەکەین رۆڵیان لە کایەی سیاسیی عێراقدا هەیە، پێداگری لەسەر هاوتاکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بکەن."
لەبارەی هاوتانەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "بڕیارەکە سیاسییە و ئەمنی نییە. بابەتەکە لە ساڵی 2005ـەوە باس دەکرێ، تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و چارەسەرنەکراوە. لە پەرلەمانی عێراقدا قسەی جوان زۆر دەکرێن، بەڵام ئێمە چاوەڕێی کراداری جوانین کە لەگەڵ خواستی سیاسی و پێشمەرگەدا بێتەوە."
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان داوا دەکات لە چوارچێوەی هێزی بەرگریی نیشتمانیی عێراقدا بودجەی تایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکرێ. هاوکات لەنیو پەرلەمانی عێراقدا، یاسایەکی تایبەت دەربکرێ و شایستەکان و پێداویستییەکانی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێن.
لیوا عوسمان محەممەد دەڵێت: "پێویستە وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە بواری لۆجستییەوە هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە بکات. لە شەڕی داعش کە هەموو عێراق و کوردستان لە مەترسیدا بوو، عێراق بە یەک فیشەک هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی نەکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ