رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە 30 ساڵە کاری ئاژەڵداری دەکات، دەڵێت، بەهۆی گرانیی ئالیک و وشکەساڵییەوە، پار ناچار بووە کە پاشەڕۆی مریشک بە مەڕەکانی بدات. دەشڵێت، بەڵام ئێستا پەشیمانە. نرخی یەک بارهەڵگر پاشەڕۆی مریشک لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن دینار.
سیروان مەحموود، ئاژەڵدار دەڵێت، "هەندێک ئاژەڵدار بەکاریدەهێنێت [پاشەڕۆژی مریشک بە مەڕەکانی دەدات]، خۆم ساڵی رابردوو بەکارمهێنا، بەڵام کە زانیم خراپە وازم لێهێنا. ئەو ساڵەش گژ و گیا و لەوەڕ بەهۆی وشکەساڵییەوە هیچ نەبوو، بۆیە بەکارمهێنا، ئەگەرنا خراپە و حەرامیشە، تەنانەت ئەو ئاژەڵەی دەیخوات ساڵێک بۆ دوو ساڵ ئەگەر بەرگە بگرێت ناو سکی وێران دەکات."
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ئاژەڵداران پاشەڕۆی مریشک بە ئاژەڵەکانیان دەدەن و وەک ئامادەکارییەکیش بۆ زستان، بە بارهەڵگری گەورە پاشەڕۆی مریشکیان کڕیوە.
بەڵام پزیشکێکی ڤێتنەری رێنمایی خاوەن ئاژەڵەکان دەکات کە دووربکەونەوە لە پێدانی پاشەڕۆی مریشک، چونکە ئاژەڵەکان تووشی نەخۆشی دەبن و تام و بۆنی گۆشتەکەش ناخۆش دەکات.
دکتۆر تارق عەلی، پزیشکی ڤێتێرنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە رووداوی گوت، "بۆن و تامی ئاژەڵەکە ناخۆش دەبێت و تووشی نەخۆشی دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی کتوپڕی یان ژەهراویبوونی، یان کێشی زیادنەکات، ئەگەر هاوڵاتییان ئەم گۆشتە بخۆن، لەوانەیە تووشی بەکتریای سالمۆنێلا ببن کە هۆکارە بۆ گرانەتا، یان لەوانەیە هێلکەی کرم بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، یان لەوانەیە نەخۆشییەکانی مشەخۆر بگوازرێتەوە."
لە هەرێمی کوردستان هیچ رێنماییەک نییە کە ئاژەڵداران پاشەڕۆی مریشک وەک ئالیک بەکاربهێنن.
جەمال والی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی دەڵێت، "پاشەڕۆی پەلەوەر زیاتر وەک سەمادی رووەک بەکاردێت، بەڵام ئەگەر بە رێگەی پیشەسازی ئەو پاشەڕۆیە ئامادە نەکرێت بۆ ئاژەڵ، ئەوا زیانی دەبێت هەم لە تامی گۆشتەکە هەم لە شیری ئاژەڵەکان، چونکە پاشەڕۆی پەلەوەر پێکهاتەی ئاڵۆزی تێدایە."
کێڵگە پەلەوەرییەکان تاوەکو سێ ساڵ پێش ئێستا پاشەڕۆی مریشکیان فڕێدەدا، بەڵام ئێستا نرخی هەر بارهەڵگرێکی پڕ لەو پاشەڕۆیە گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ