رووداو دیجیتاڵ
جووڵەی سوپای پاسداران لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. بەردەوام فڕۆکەی چاودێریی ئەو وڵاتە بە ئاسمانی سنوورەکاندا دەسووڕێتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران چەکی قورسی بۆ ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و شنۆش گواستووەتەوە.
قەڵا سەربازییەکانی ئێران لە سنووری حاجی ئۆمەران دەڕواننە پانتاییەکی بەرفراوانی خاکی باشووری کوردستان. لەوکاتەوەی ئێران هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات، خەڵکی ناوچەکە شاهێدی جووڵەی زیاتری پاسداران لە قەڵاکاندا دەدەن.
عەبدوڵڵا حەمەد، موختاری گوندی وێزە بە رووداوی گوت، "لە هەندێک شوێن هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە قەڵاکانی لەسەر سنوورن و لەگەڵ پاسەوانی سنوور بەرامبەر یەکدین، جموجووڵی زۆر ئێستا لە قەڵاکان دەبیندرێت و بەردەوام ئۆتۆمبێل دێنە سەردانی قەڵاکان."
بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی حاجی ئۆمەران نەخشەیەکی کێشاوە و دەڵێت، سوپای پاسدارانی ئێران لە چەندین شوێنەوە سنوورەکانی هەرێمی کورستانی بەزاندووە و، لەنێو خاکی باشووری کوردستان رێگەی ئۆتۆمبێلی دروستکردووە بۆ بەیەکگەیاندنی خاڵە سەربازییەکانی. ئەمەش وایکردووە کە نزیکبوونەوە لەو ناوچانە مەترسیدار بێت.
لە بەرامبەر خاڵە سەربازییەکانی ئێران، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پاسەوانی سنووری عێراق خاڵی سەربازییان هەیە.
بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد گوتی، "ئێمە دڵنیایی دەدەینە خەڵکی خۆمان لەهەر حاڵەتێکی لەناکاو هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر سنوورەکانە. لە حاجی ئۆمەرانەوە تا دەگاتە سنوورەکانی تورکیا هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر لە 30 ساڵە بڵاوەیان پێکراوە. سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لەو سنوورانە تۆکمەن و هێزی فەرماندەیی هەڵگۆرد و هێزی پشتیوانیی یەک و پاسەوانی سنوور ئەمنییەت و ئاسایشی سنوورەکان دەپارێزێت."
لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران چەکی قورسی بۆ ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و شنۆ گواستووەتەوە. ئەو ناوچەنەی ئێران هێزی تێدا کۆکردووەتەوە، نزیکەی 80 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئیدارەی سۆران هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ