عەبدولخالق تەڵعەت: ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی کۆرمۆری لێوە کراوە بۆشایی ئەمنی نییە

29-11-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، شارەزای سەربازی و نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، شارەزای سەربازی و نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێ، هێرشی سەر کۆرمۆر لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حەشدی تورکمانییەوە کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ناوی تۆمەتبارانی هێرشەکانی پێشوو دراوەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو گرووپانە لە حکومەت بەهێزترن، دەستگیرنەکراون".
 
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، شارەزای سەربازی و نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی کۆرمۆر گوتی، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکە بە "درۆن" کراوە.
 
لیوا عەبدولخالق گوتی: "پێش رووداوەکە دوو درۆن بە ئاسمانی کۆرمۆردا سووڕاونەتەوە و ناوچەکەیان پشکنیوە؛ شەوی رووداوەکەش کاژێر 11:30 هێرشەکە کراوە".
 
بەگوێرەی قسەی ئەو پسپۆڕە ئەمنییە، هێرشەکە هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو بە وردییەکی زۆرەوە ئەنجام دراوە و خەزانێکی کۆکردنەوەی گازی کردووەتە ئامانج و دووجار لێی دراوە.
 
شوێنی هێرشەکە؛ قەڵەمڕۆیی حەشدی تورکمانی
 
لەبارەی شوێنی ئاراستەکردنی مووشەک یان درۆنەکان، لیوا عەبدولخالق رەتیکردەوە ئەو ناوچەیە بۆشایی ئەمنی بێت و گوتی، لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەکان دایە.
 
لیوا عەبدولخالق گوتی: "شوێنەکە دەکەوێتە نێوان (سلێمان بەگ) و (تەل شەریف) کە مەودایەکی نزیکە لە کۆرمۆرەوە. ئەو ناوچەیە هیچ بۆشاییەکی ئەمنی نییە و دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین".
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو هێزانەی لەو ناوچەیە باڵادەستن، ئەو شارەزایە گوتی: "زۆربەی هێزەکانی ئەو سنوورە حەشدی تورکمانین لە سنووری خورماتوو و ئامرلی. خۆم چەند جارێک چوومەتە ئەو ناوچەیە و پاراستنی ئەمنییەتی ئەو سنوورە لە ئەستۆی ئەواندایە".
 
"11 جار هێرشکراوە و کەس دەستگیرنەکراوە"
 
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی کە ئەمە یازدەیەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و سیناریۆکان دووبارە دەبنەوە بەبێ هیچ ئەنجامێک.
 
ئەو شارەزایە گوتی: "لە هێرشەکانی پێشوودا، لیژنەکانی لێکۆڵینەوە شوێنی هێرش و تەنانەت ناوی ئەو کەسانەشیان دەستنیشان کرد کە دەستیان لە هێرشەکاندا هەبوو. من خۆم ئەندامی لیژنەکان بووم و راپۆرتەکانمان بە فەرمی رادەستی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێپێچینەوەیەک بەرامبەر هیچ کەسێک نەکراوە".
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "زۆرجار ئەو گرووپانە لە دەسەڵاتی حکومەت بەهێزترن و حکومەت توانای لێپێچینەوەی بەرامبەریان نییە، بابەتەکەش پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە هەیە".
 
بەغدا رێگرە لەوەی هەرێمی کوردستان سیستمی بەرگری هەبێت
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و فڕۆکەخانەکان لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە.
 
لیوا عەبدولخالق رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای کردووە سیستمی دژە درۆن و مووشەک بۆ پاراستنی شوێنە گرنگەکان دابین بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق رەزامەندی نەداوە و رێگرە لەوەی ئەو سیستمە بگاتە هەرێمی کوردستان، چونکە کڕینی ئەو چەکانە پێویستی بە رەزامەندیی دەوڵەت (عێراق) هەیە".
 
داواشی کرد هاوپەیمانان هاوکار بن بۆ ئەوەی ئەو سیستمە بەرگرییە بگاتە دەست هەرێمی کوردستان تاوەکو بتوانێ خۆی بپارێزێت ئەگەر عێراق ناتوانێت بیپارێزێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.