کێڵگەی کۆرمۆر دوای هێرشکردنە سەری.
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆربەی كێشە تەكنیکییەكانی دانەگاز چارەسەر كراون و هەر کاتێک دەست بە گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا كرا، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆژی شەممە، 29-11-2025 رایگەیاند، تیمێکی هاوبەشی وەزارەتەکە و وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای دانە گاز سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان بوون و "زۆربەی کێشەکان چارەسەرکراون".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ ئەوەیە "بە زووترین کات دەست بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بکرێتەوە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا. هەر بە دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی گاز راستەوخۆ بۆ وێستگەکانی کارەبا دەگوازرێتەوە و هاووڵاتییانی کوردستان لە هەر پێشوەچوونێکی پرۆسەکە ئاگادار دەکەینەوە".
شەوی چوارشەممە 26ـی مانگی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی 80% کەمیکردووە.
لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەم بووەتەوە، بەهۆی کارەبای 24 کاژێریی پڕۆژەی رووناکیشەوە، لە زۆرینەی سەنتەری پارێزگاکان موەلیدەکانیش کارناکەن.
ئەمڕۆ شەممە، ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا بە رووداوی رایگەیاند، ئێستا 1400 بۆ 1500 مێگاوات کارەبا لەبەردەستە کە دەکاتە 30%ـی کۆی پێویستیی کارەبای هەرێمی کوردستان و گوتیشی: لە دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بەگوێرەی پلان لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێر کارەبای پێیویست بە هاووڵاتییان دەدرێتەوە.
ئەردەلان دۆسکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو 1400 مێگاوات بۆ 1500 مێگاواتەی ئێستا لەبەردەستە زیاتر بە کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە و تۆڕەکانی ئاو دەدرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بە دادپەروەرانە بەسەر هاوبەشانی کارەبادا دابەش دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ