رووداو دیجیتاڵ
یەکەم گوژمەی گازی ماڵان (LPG) لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، راستەوخۆ بەسەر کارگەکاندا دابەش دەکرێت. راوێژکارێکی سوودانیش دەڵێت، ناردنی گازەکە لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک گرتە ڤیدیۆییەکی چەند تەنکەرێکی داناوە و رایگەیاندووە، "کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەر دوای هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، داوای 760 تۆن گازی لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کردبوو بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان."
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی پێداویستیی هاووڵاتییانە تا ئەو کاتەی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست بە بەرهەمهێنانی گازی ماڵان دەکرێتەوە."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دڵنیایی دەدات لەوەی، ئەو بڕە گازەی لە حکومەتی عێراقەوە هاتووە، لەگەڵ ئەو بڕە گازەی لە کۆگاکانی وەزارەتەکەیان دا هەیە، بەشی پێداویستیی رۆژانەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دەکات.
هاوکات، عادل کەریم، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناردنی ئەو بڕە گازە لەسەر داوای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بووە و هەر دوای داواکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی داوە."
راوێژکارەکەی سوودانی گوتی، "لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران، ناردنی گازی ماڵان بەردەوام دەبێت تاوەکو کێشەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە کۆرمۆر چارەسەر دەکرێت."
شەوی چوارشەممە 26-11-2025، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی گازە بۆ کارەبای هەرێمی کوردستان. لە دوای هێرشی سەر کێڵگەکە، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەم بووەتەوە، بەهۆی کارەبای 24 کاژێریی پڕۆژەی رووناکیشەوە، لە زۆرینەی سەنتەری پارێزگاکان موەلیدەکانیش کارناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ