خانەنشینیی کوردستان: لە مووچەی ئەیلوولدا نزیکەی 900 خانەنشین 2 بۆ 5 مووچە بەیەکەوە وەردەگرن

29-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئامارەکانی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی 900 خانەنشین  2 تاوەکو 5 مووچە بەیەکەوە وەردەگرن. بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت: "زیاتر لە 100 کەسیان لە پارێزگای دهۆکن."
 
ئەمڕۆ شەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و بڕیارە سبەی دابەشکردنی مووچە دەست پێبکات.
 
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو دەست بە مامەڵەی خانەنشینان کرا؛ ئەو کەسانەی یاساکە دەیگرتنەوە تاوەکو تەواوبوونی مامەڵەکانیان مووچەیان وەرنەدەگرت؛ لەو چوارچێوەیەشدا ناوی 894 خانەنشینی لەدایکبووی 1965 بۆ لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول زیادکراوە و کۆی گشتیی مووچەکانیان دەگاتە 3 ملیار و 949 ملیۆن و 173 هەزار دینار."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە: "بەشێکی خانەنشینان لە مانگی 4 بۆ سەرەوە دەستیان بە مامەڵەکانیان کردبوو و تاوەکو مانگی ئەیلوول تەواو نەبوو؛ بۆیە ئەوان بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لە 2 مووچە تاوەکو 5 مووچە بەیەکەوە وەردەگرن."
 
ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناوی 105 خانەنشینیی لەدایکبووی 1965 لە پارێزگای دهۆک بۆ لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول زیادکراون و لە دوو مووچە زیاتر وەردەگرن."
 
لە 1-10-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا." بەڵام ئەمڕۆ شەممە، 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار وەکو تەموویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
 
لە 01-01-2025ـەوە دەست بە راییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی کرا و تاوەکو مانگی ئەیلوول توانرا مامەڵەی 27 هەزار خانەنشین تەواو بکرێت.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014، پابەند کرد، بەڵام تاوەکو تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە