کۆمیسیۆن: خەرجکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو

29-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 872 تانە رەوانەی دەستەی دادوەری کراون و لە 10 رۆژدا یەکلایی دەکرێنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کاتی خەرجکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دیارنییە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
 
رۆژی شەممە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، 872 تانە لەسەر هەڵبژاردن پێشکێشی کۆمیسیۆن کران و وەڵامی سەرجەمیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئامادەکرا و رەوانەی دەستەی دادوەری کراوە.
 
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی: "دەستەی دادوەری 36 لەو تانانەی رەتکردووەتەوە و بەردەوامیشن لە لێکۆڵینەوە لە تانەکان."
 
20ی تشرینی دووەم دوایین وادەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوو بۆ وەرگرتنی تانەکان لەبارەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
بە گوتەی عیماد جەمیل، "دەستەی دادوەری لە 10 رۆژدا سەرجەم تانەکان یەکلایی دەکاتەوە."
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، 253  هەزار کەس وەک کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان کاریان کرد کە 34 هەزاریان لە هەرێمی کوردستان بوون.
 
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوە کرد: "هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی کاتی خەرجکردنی پارەکە دیار نییە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو و نزیکەی 5 مانگی دیکەی پێدەچێت."
 
مووچەی ئەو کارمەندانە بەپێی ئەرکیان جیاوازە و سێ جۆرە: سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدان 400 هەزار دینار وەردەگرن، بەڕێوەبەری وێستگە 300 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدان بوون 300 هەزار دیناریان دەدرێتێ، بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن.
 
عیماد جەمیل گوتی: "ئەو شایستەی بۆ کارمەندان دیاری کراوە نافەوتێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ خەرجی دەکات، بەڵام وەک هەموو هەڵبژاردنێک، ئەو پڕۆسەیە کاتی پێویستە."
 
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد:  "کارمەندی یەدەگیش کە لە هەموو پارێزگایەک دانرابوون بۆ دۆخی پێویست و ئەوانیش پارە وەردەگرن."
 
دەنگدانی تایبەت لە 9ی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتیش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەچوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە