سەرۆک بارزانی بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق چەند میکانیزمێک دەخاتەڕوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی چەند میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی نوێنەری کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەخاتەڕوو، رایگەیاندووە: نوێنەری کورد بۆ پۆستەکە لە پەرلەمانی کوردستان یان لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دیاری بکرێت. یان لایەنەکان کۆببنەوە بۆ دیارکردنی کەسێک. باس لەوەش دەکات کە مەرج نییە ئەو بەربژێرە پارتی یان یەکێتی بێت.
 
بارەگای بارزانی رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025 پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە بڵاوکردەوە.
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە."
 
"بۆ ئەوەی سەرۆككۆماریش نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیدی لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت." سەرۆک بارزانی وای گوت.
 
بەگوێرەی پەیامەکەی، سەرۆک بارزانی بۆ میکانیزمەکەی بەمجۆرە دیاری کردووە: 
 
یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك رێك بكەون.
 
یان نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: "گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە