رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە.
باخچەلی رایگەیاند: "لە کاتێکدا کە ئاشتیی نێوخۆیی، ئاسایش و ئارامی بەرەو ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بەهێزتر دەبێت، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی داوەتە رووداوێکی خوێناویی نوێ".
باخچەلی داعشی بە "دووژمنی هاوبەشی مرۆڤایەتی" ناوبردووە و دەڵێ، ئەو رێکخراو تووندڕۆیە "داردەستی زایۆنی-ئیمپریالیستەکانە؛" ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەی یاڵۆڤادا سێ پۆلیس کوژراون، هەشت پۆلیس و پاسەوانێکیش بریندار بوون.
باخچەلی دەڵێ، هیچ هێرشێک ناتوانێ ویستی تورکیا بۆ سەرکەوتن لە پرۆسەی چارەسەری لاوازبکات و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی داعش کردی ئەوەی دەرخست کە پڕۆسەی چارەسەری هەنگاوێکی سیاسیی دروست و مێژووییە.
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا هەڵیانکوتایە سەر 108 شوێن لە 15 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کە گومانی بوونی ئەندامانی داعشیان لێ دەکرا.
یەکێک لەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنەکەی لێ بەڕێوەچوو، پارێزگای یاڵۆڤا بوو. لەو شارەدا پێکدادان لە نێوان پۆلیس و ئەو گرووپەدا روویدا کە گومانی ئەندامیەتیی داعشیان لێ دەکرا و تێیدا سێ پۆلیس کوژران، هەشت پۆلیس و پاسەوان بریندار بوون؛ هاوکات شەش گومانلێکراوی داعش کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ