کوردستان
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆرترین بڕی بەفر لە ناحیەی هەڵشۆ لە پارێزگای سلێمانی باریوە کە 58 سانتیمەتر بووە.
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بەفر و بارانی 12 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆرترین بڕی بەفر لە ناحیەی هەڵشۆ لە پارێزگای سلێمانی باریوە کە 58 سانتیمەتر بووە. لە زاخۆش زۆرترین بڕی باران باریوە کە زیاتر لە 17 ملیمەتر بووە. کەشناسێک پێشبینی دەکات، سبەی کەشەکە ئاسایی بێتەوە و رۆژی دواتر شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
شەوی دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "ئەمشەو کاریگەری ئەم شەپۆلە بەرەو لاوازی دەچێت؛ لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە بەشێوەی بەفربارینی پچڕ پچڕ و کڕێوە. سبەی سێشەممە کاریگەرییەکەی نامێنێت".
کەشناسیی رایگەیاندووە: "هۆشداری دەدەین، ئەمشەو و کاتەکانی بەیانی سبەی، پلەی گەرما بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی دادەبەزێت. سەنتەری پارێزگای هەولێر لە سفر پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە؛ سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی دادەبەزێ؛ ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەرین بۆ ژێر -3 پلە دادەبەزێ و ناوچە شاخەوییەکان بۆ ژێر 6 پلەی سیلیزی؛ لەگەڵ دروستبوونی دیاردەی شەختە".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، شەوی دووشەممە بە رووداوی گوت: "سبەی کەشەکە سەقامگیر دەبێ، بەڵام کەشێکی زۆر سارد دەبێ. پێشبینی دەکەین چوارشەممە 31ـی مانگ لەگەڵ چوونە نێو ساڵی نوێوە دوای نیوەشەو شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە".
ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات، "شەپۆلە نوێیەکە تاوەکو بەرەبەیانی هەینی 2ـی مانگی یەکی ساڵی نوێ بەردەوام بێ و لە بەشێکی قەزا و ناحیەکان بەفر ببارێ، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان؛ لە بەشێکی دیکەش باران ببارێ".
کاژێر 09:30ـی شەوی دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری 12 کاژێری رابردووی ئەو ناوچانەی بڵاوکردەوە کە زۆترین بڕی بەفر و بارانیان لێباریوە و بەمشێوەیەیە:
ئاماری بەفربارین
- هەڵشۆ (سلێمانی)؛ 58 سانتیمەتر
- مێرگەسۆر (هەولێر)؛ 50 سانتیمەتر
- شێروان مەزن (هەولێر)؛ 50 سانتیمەتر
- هێرۆ (سلێمانی)؛ 40 سانتیمەتر
- باسنێ (سلێمانی)؛ 30 سانتیمەتر
- بارزان (هەولێر)؛ 30 سانتیمەتر
- حاجی ئۆمەران (هەولێر)؛ 30 سانتیمەتر
- ئامێدی (دهۆک)؛ 25 سانتیمەتر
- شەقڵاوە (هەولێر)؛ 25 سانتیمەتر
- رواندز (هەولێر)؛ 22 سانتیمەتر
- سمێلان (هەولێر)؛ 20 سانتیمەتر
- نازەنین (هەولێر)؛ 20 سانتیمەتر
- سیدەکان (هەولێر)؛ 20 سانتیمەتر
- قەڵادزێ (سلێمانی)؛ 20 سانتیمەتر
- پیرمام (هەولێر)؛ 18 سانتیمەتر
- سۆران (هەولێر)؛ 10 سانتیمەتر
- زاخۆ (دهۆک)؛ 3 سانتیمەتر
- دهۆک؛ 1.5 سانتیمەتر
ئاماری بارانبارین
- هەولێر؛ 13.6 ملیمەتر
- شەمامک (هەولێر)؛ 7.6 ملیمەتر
- پیرمام (هەولێر)؛ 14.5 ملیمەتر
- سلێمانی؛ 6.0 ملیمەتر
- چەمچەماڵ (سلێمانی)؛ 11.9 ملیمەتر
- دهۆک؛ 8.9 ملیمەتر
- زاخۆ (دهۆک)؛ 17.2 ملیمەتر
پلەی گەرمای کاژێر 06:00ـی ئێوارەی دووشەممە بەمشێوەیە بووە:
- هەولێر؛ 2 پلەی سیلیزی
- پیرمام؛ -1 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 5 پلەی سیلیزی
- چەمچەماڵ؛ 1 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 2 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 1 پلەی سیلیزی
- شەمامک؛ 4 پلەی سیلیزی
- مێرگەسۆر -2 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ