بەرەبەیانی ئەمرۆ ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لەسەر رێگەی هەولێر - گوێڕ کەوتووەتەوە و دوای نزیکەی 7 کاژێر هێشتا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، سێ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بوون.
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی ئاگرەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سەر رێگەی گوێڕ کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر پاڵاوگەکە کەوتووە، تاوەکو ئێستا سێ کەس بەهۆیەوە بریندارن."
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، بەهۆی ئەو کورەیەی لەو شوێنە هەیە پلەی ئاگرەکەیان زیاتر کردووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە، ئەو کەسانەشی بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بوون لە نێو پاڵاوگەکە بوون.
ئەو پاڵاوگەیە کە ناوی (ئەمین)ـە، یەکێکە لە پاڵاوگە گەورەکانی نزیک شارۆچکەی گوێڕ، لە کاژێر 2:40ـی بەرەبەیانییەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و هێشتا بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر رایگەیاند، دوو لەو کەسانەی بریندار بوونە کارمەندی پاڵاوگەکەن و یەکێکیان کارمەندی بەرگریی شارستانییە.
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە رایگەیاند، 10 تیمی بەرگریی شارستانی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە شوێنی رووداوەکەن، بەڵام کەرەستەکانی نێو پاڵاوگەکە هۆکارن بۆ گەورەبوونی زیاتری ئاگرەکە و قورسیی کۆنترۆڵکردنی.
کارمەندێکی پاڵاوگەکە کە لە شوێنی رووداوەکە قسەی بۆ پەیامنێری رووداوی کرد گوتی، "هۆکاری رووداوەکە کەمتەرخەمیی کارمەندێک بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ