کوردستان
لە فەرەنسا 73%ی ئەوانەی رەوانەی یەکەکانی چاودێری چڕ کراون پیاون، ئەم رێژەیە لە نەرویج 75% و لە بەریتانیا 71%ە
رووداو-هەولێر
تاوەکو ئەم دواییەش وادەزانرا تەنیا تەمەن و دۆخی تەندروستی لەش، کاریگەرییان لەسەر قورسی و ماوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرنا دەبێت.
بەڵام دوای ئەوەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە 700 هەزار و ژمارەی گیانلەدەستدراوانیش 30 هەزاری تێپەڕاند، زانایان بۆیان دەرکەوتووە ڤایرۆسەکە لەنێوان رەگەزەکانیشدا جیاوازی دەکات و پیاوان قوربانیی سەرەکیی دەستی ڤایرۆسەکەن.
کۆرۆنای دژەپیاو
یەکەمجار ناوەندی (CDC)ی چینی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە رێژەی گیانلەدەستداوانی کۆرۆنا لە نێوان پیاواندا 2.8% و لەنێوان ئافرەتاندا 1.7%یە. دواتر هەمان رێچکە بە جیاوازیی گەورەترەوە لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، کۆریای باشووریش دەرکەوت.
لە ئیتاڵیا 71%ی مردووەکان پیاون و لە ئیسپانیاش رێژەی مەرگی پیاوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی دوو هێندەی مەرگی ژنانە. لە کۆریای باشوور 64%ی کەیسە پشتڕاستکراوەکان ئافرەتن، کەچی 54%ی مردووەکان پیاون. لە ئەمریکاش 60%ی ئەو کەسانەی رەگەزەکەیان بۆ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و میدیا ئاشکرا کراون پیاون.
کێشەکە تەنیا لە رێژەی مردندا کورت نابێتەوە، لە پێوەرەکانی دیکەی ڤایرۆسەکەشدا پیاوان رەوشیان خراپترە. پەیمانگەی تەندروستیی کارلۆسی سێیەمی ئیسپانیا لە لێکۆڵینەوەی 20 هەزار و 648 کەیسی تووشبوون و 722 مردن بە فایرۆسەکە بۆی دەرکەوتووە پیاوان 60%ی ئەو تووشبووانە پێکدەهێنن کە بە هۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی هەناسەتەنگی دەبن، جیا لەمە 59%ی ئەوانەی کاریان دەگاتە نەخۆشخانە و 72%ی ئەوانەی پێویستیان بە یەکەی چاودێری چڕ دەبێت و 65%ی مردووەکان پیاون.
لە فەرەنسا 73%ی ئەوانەی رەوانەی یەکەکانی چاودێری چڕ کراون پیاون، ئەم رێژەیە لە نەرویج 75% و لە بەریتانیا 71%ە.
هەرچەند لە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان دوو رەگەزەکەدا بەدی ناکرێت، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتی پەیمانگە ئیسپانییەکە، پیاوان نیشانە سەرەتاییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان زیاتر لێدەردەکەوێت، لەوانەش کۆکە، تا و کێشەی هەناسەدان و لەکارکەوتنی گورچیلەکان.
یەکێک لە گریمانەکان هۆکاری ئەو جیاوازییە جێندەرییەی نێوان مردووان و دۆخی تووشبووان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە پیاوان زیاتر لە ئافرەتان جگەرەدەکێشن. بەڵام لە ئیسپانیا جیاوازی ژمارەی پیاوان و ئافرەتانی جگەرەکێش زۆر کەمە، لەکاتێکدا31%ی پیاوان و 27%ی ئافرەتانی تەمەن 15 ساڵ بەرەوسەر جگەرەکێشن.
کریستیان گوامان گۆمێز کە قسەی بۆ رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی کردووە دوای هەفتەیەک و سەردانی سێ پزیشک دواجار ناچار دەبێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی کۆڤید-19ی مەدرید بکات، لە ئاکامیشدا رەوانەی بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی مەدرید دەکرێت. کەیسی کریستیان و داتاکانی پەتاناسیی ئیسپانیا دەریدەخەن گەنجەکانیش دەکرێ بە سەختی تووشی پەتای کۆرۆنا بن، کە ناوە زانستییەکەی کۆڤید-19ی نوێیە.
کریستیان تەمەنی 33 ساڵە، جگەرە ناکێشێت و هیچ گرفتێکی تەندروستیی پێشوەختی ئەوتۆی نەبووە، بۆیەش بە رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت "سەیر بوو، چونکە من زۆر لە هەموو خەڵکەکەی دیکەی یەکەی چاودێریی تەندروستی گەنجتر بووم، کاتێک نەخۆشخانەکەم جێهێشت، پزیشکەکان پێیانگوتم کە من زۆر بەهێزم، خەڵکێکی زۆر هەن کە بەو دۆخە سەختەی منەوە نەیاندەتوانی لەژێر باری نەخۆشییەکە دەربچن".
سابرا کلاین، مامۆستا لە بەشی تەندروستیی گشتیی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، لە لێدوانێک بۆ رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانی بە دووری دەزانێت جگەرەکێشان فاکتەر بێت و دەڵێت "کاتێک سەیری ئەو جیاوازییە دەکەم، هەست دەکەم دەبێ هۆکارێکی گشتگیرتر لە پشت ئەمەوە بێت، پێموانییە جگەرەکێشان فاکتەرێکی سەرەکی بێت".
ئافرەتان زیاتر پابەندن
راپرسییەکی ئاژانسی (رۆیتەرز) دەریدەخات پیاوانی ئەمریکا کەمتر گوێیان لە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەیە کە بۆ رێگری لە تووشبوون و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراونەتەڕوو، چونکە پیاوان کەمتر لە ئافرەتان مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە بە جیدی وەردەگرن.
لە راپرسییەکەدا 54%ی ئافرەتە ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن کە ڤایرۆسەکە "زۆر نیگەرانی کردوون"، لەکاتێکدا تەنیا 45%ی ئەوان هەستیان بەرامبەر ڤایرۆسەکە هەیە. ئافرەتان ئامادەگییەکی زۆرتریشیان تێدایە بۆ ئەوەی بەپێی ئەو دۆخە نوێیەی کۆڤید-19 دروستیکردووە شێوازی ژیانی خۆیان بگۆڕن.
73%ی ئافرەتان بە بەراورد لەگەڵ 60%ی پیاوان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە زۆر زیاتر لە جاران دەستیان دەشۆن و پاکژکەرەوە بەکاردەهێنن. 72%ی ئافرەتان دەڵێن کە خۆیان لە شوێن و کۆبوونەوە گشتییەکان دووردەگرن، ئەوەش 14% زیاترە لەو پیاوانەی خۆیان لەو جۆرە شوێنانە دەپارێزن. 65%ی ئافرەتان خۆیان لە بەرکەوتنی جەستەیی لەگەڵ خەڵکانی دی دەپارێزن، لەکاتێکدا تەنیا 56% پیاوان خۆیان لەو جۆرە بەرکەوتنانە دووردەگرن.
بایۆلۆژی دەکرێت هۆکار بێت
شارەزایان بەدووری نازانن جیاوازیی بایۆلۆژیی ئافرەت و پیاو لەڕووی کاردانەوەیان بەرامبەر ڤایرۆسەکەش رۆڵی هەبێت. لێکۆڵینەوەیەکی جورناڵی زانستی (BMC) جەخت لەوە دەکاتەوە کە جێندەر رۆڵی هەیە لەوەی کەسەکە هەتا چەندە لەبەردەم مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکاندا بێ و "لەڕووی سیستەمی بەرگرییەوە ئافرەتان لە قازانجن".
ئانگێلا راسموسن، ڤایرۆسناس لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لەمبارەوە بە (پۆست)ی ئەمریکی دەڵێت "داتاکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا پشتگیری لەو گریمانەیە دەکەن کە بناخەیەکی جێندەری هەیە بۆ ئەو جیاوازییەی لە سەختیی تووشبوون بە کۆڤید-19دا بەدی دەکرێت. لەگەڵ شیکردنەوەی داتاکاندا دەشێت هۆکاری کولتووری و رەفتاریش بۆ ئەو جیاوازییانە بەدی بکەین، بەڵام ئێستا بۆچوونە باوە جیهانییەکە ئەوەیە کە ئەو جیاوازییە رەگ و ریشەکەی بۆ جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی جێندەرەکان دەگەڕێتەوە".
لێکۆڵێنەوەکانی پێشتر دەریدەخەن کە پیاو کاردانەوەی ناوەکیی دژەڤایرۆسی سیستەمی بەرگریی پیاوان بەرامبەر نەخۆشییە گوازراوەکان نزمترە، لێکۆڵینەوەکانی پێشتر لەسەر هێپاتیت سی و ئێچ ئای ڤی کراون و بەدوور نازانرێت ئەمە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆناش راست بێ، کە هەتا شەوی یەکشەممە زیاتر لە 715 هەزار کەسی تووشکردبوو و زیاتر لە 33 هەزار و 634 کەسیشی کوشتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ