رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق دەڵێت، پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و لە هەندێک ناوچەی عێراق دەگاتە 30 پلەی سیلیزی. کەشناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێت، بەڵام لە دوای هەشتی مانگی داهاتووەوە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 30ی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کەشوهەوا هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری نمەبارانی پچڕپچڕ لە ناوچە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە بەشی رۆژئاوای عێراق. هەرچی ناوچەکانی نێوەڕاستی عێراقە هیچ ئاماژەیەکی بارانبارینیان تێدا نییە و پلەی گەرما بەرزدەبێت".
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق رەتیکردەوە، هیچ ئاماژەیەک بۆ لێزمەباران و دروستبوونی لافاو هەبێت، وەک ئەوەی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و دەڵێت، "ئەگەر لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق بارانیش ببارێت، نمەباران دەبێت، نەوەک بارانی بەلێزمە".
عامر جابری پێشبینی دەکات، ئەم هەفتەیە پلەی گەرما تاوەکو 30 پلەی سیلیزی لە عێراق بەرزبێتەوە و گوتی، "ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگای واست دەبێت کە دەگاتە 30 پلە، بەڵام پارێزگاکانی دیکە بەگشتی لەنێوان 23 پلە و 30 پلە دەبێت".
هەر ئەمڕۆ ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارستە هەوایەکی وشک و گەرم لە باکووری ئەفریقاوە رووی لە سووریا، تورکیا و دەریای نێوەڕاست کردووە و بەشێوەیەکی لاوەکی کاریگەری کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ بەو هۆیەوە پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. ئەگەری هەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە سەنتەری پارێزگاکان پلەی گەرما بگاتە 28 پلە".
ئاراس جەبار دەڵێت، تاوەکو 8ی مانگی داهاتوو باران نابێت، بەڵام دوای ئەو رۆژە بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئاداری 2024 بڵاوکردەوە.
بەپێی پێشبینییەکان ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند، واتە لەنێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، ئەوە جگە لەوەی پلەی گەرما بە دوو بۆ سێ پلە لە تۆمارکراوەکانی رۆژی هەینی بەرزتر بێت.
پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ شەممە:
- هەولێر؛ 25 پلە
- سلێمانی؛ 23 پلە
- دهۆک؛ 24 پلە
- زاخۆ؛ 24 پلە
- هەڵەبجە؛ 22 پلە
- کەرکووک؛ 27 پلە
- سۆران؛ 23 پلە
- حاجی ئۆمەران؛ 16 پلە
- گەرمیان؛ 30 پلە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ