رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری بروجێرد لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شارەکە، تاوەکو ئێستا 45 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا منداڵ و ژن هەن. دەشڵێت، "زیان بە 447 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی گەیشتووە."
قودرەتوڵڵا وەلەدی، قایمقامی بروجێرد، بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ئەم شارە، تاوەکو ئێستا 45 کەس لە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە."
قایمقامی بروجێرد ئاماژەی بەوە کرد، لەناو کوژراوەکاندا 6 منداڵ، 9 ژن و 30 پیاو هەن. هەروەها روونی کردەوە، لەو ژمارەیە 13 کەسیان لە دەرەوەی سنووری بروجێرد و لە شارەکانی دیکە گیانیان لەدەستداوە، دواتر تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێندراونەتەوە.
قودرەتوڵڵا وەلەدی باسی لە زیانە ماددییەکانیش کرد و گوتی، "لەو هێرشانەدا زیانێکی زۆر بە ماڵ و ناوچە نیشتەجێبووەکانی شارەکە گەیشتووە؛ بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، 447 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە."
شەڕی ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل بەرفراوان بووەتەوە و ئەمڕۆ پێی ناوەتە رۆژی 31ـەمینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ