رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم وەرزەی بارانباریندا داهاتی ئاوی هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان پێنج ملیار و نیو مەتر سێجا بووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی بەنداوە بچووک و مامەناوەندەکان سەرڕێژ بوون.
رۆژی دووشەممە،30ـی ئاداری 2026، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان لە بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، 250 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاوی هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان بووە."
بەگوتەی رەحمان خانی، لەم وەرزەی بارانباریندا داهاتی ئاوی ئەو دوو بەنداوە گەورەیە گەیشتووەتە 5.5 ملیار مەتر سێجا، بەڵام هێشتا هەردوو بەنداوەکە جێگەیان ماوە و سەرڕێژ نەبوون.
لەبارەی بە بەنداوەکانی دیکە، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان ئاشکرای کرد کە "بەشێکی زۆری بەنداوە مامەناوەند و بچووکەکان سەرڕێژ بوون." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەنداوی دهۆک تەنیا 2 بۆ 4 مەتری ماوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەویش سەرڕێژ دەبێت.
دەربارەی بەنداوی گۆمەسپان، رەحمان خانی روونیکردەوە کە ئەم ساڵ سەرڕێژ نابێت و گوتی: "بەنداوی گۆمەسپان توانای گلدانەوەی 90 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەنداوێکی نوێیە، ئێستا 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە و هێشتا زۆری ماوە بۆ پڕبوون."
بەشێک لە بەنداوە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان بریتین لە جەلی، دێگەڵە، چەمرگە، ئاقوبان، حەمامۆک، بەستۆرە و شیوە سوور لە هەولێر. هەروەها دێوانە، ئاوەسپی، باوەشاسوار، حەسەن کەنووش، چەمی سمۆر و قادر کەرەم لە سلێمانی. هەروەها خنس، بێدۆهی و کەشکان لە دهۆک، کە زۆرینەیان بۆ ئاودێری و حەوزی ماسی سوودیان لێوەردەگیرێت.
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی لە چەند رۆژی رابردوودا رووی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئاستی ئاو لە زۆربەی بەنداو و گۆماوەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ