لە دەوروبەری شاری کرماشان خەشخاش دەچێندرێت

30-05-2025
ناسر پیرۆتی
چاندنی خەشخاش لە نزیک کرماشان
چاندنی خەشخاش لە نزیک کرماشان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەنیا چەند کیلۆمەترێک دوور لەنێو شاری کرماشان خەشخاش چێندراوە. ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکان و گەنجانی بێکاری نێو شارەکە روویان لە بەرهەمهێنانی ئەو گیایە کردووە کە بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر بەکار دەهێندرێت، بەڵام ئەو کەسانەی لە کرماشان دەیچێنن دەڵێن، کڕیارەکانیان بۆ دروستکردنی دەرمانی ئارامبخەش دەیکڕن.
 
جووتیارێک لە کرماشان کە خەریکی چاندنی ئەو گیایەیە، دەڵێت: "ماڵم لە کرماشانە. کار و شتم نییە و دۆخی ئابووری خراپە. لەنێو کرماشان بێکاری زۆرە. خێزانەکەم لە کرماشانن، خۆشم دێمە گوند و لەگەڵ خزمەکانم کە زەوییان هەیە، بە هاوبەشی خەشخاش دەچێنین."
 
چاندنی ئەو بەرهەمە کار و قورسیی خۆی هەیە، بەڵام وەکو ئەو جووتیارە دەڵێت: "قازانجی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە زیاترە. چاندنێکی نەریتییە و بۆ دەوا و دەرمانی ئارامبەخش بەکار دەهێندرێت."
 
ئەوانەی لە دەوروبەری کرماشان خەشخاشیان چاندووە، یەک دوو کەس نین. لە ژمارەیەکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، بەشێک تایبەتکراوە بە چاندنی خەشخاش. جووتیاران دەڵێن، داهاتی بەرهەمەکانی دیکە زۆر کەمە و ئاویان نییە بۆ ئاودانیان، بۆیە روویان لە چاندنی خەشخاش کردووە.
 
جووتیارێکی دیکە لە کرماشان دەڵێت: "جووتیارەکانیان تووشی کێشەی زۆر کردووە و جووتیار ناچار دەبن ئەو کارە بکەن، چوونکە داهاتێکی دیکەیان نییە. هەموو سامانیان کشتوکاڵە و ئەگەر گەنم و جۆ و نۆک بکەن، ساڵێک وشکەساڵی بێ بەرهەمەکانیان لەنێو دەچێت. باخ و شتیش بە هەمان شێوە، پاڵپشتی لە جووتیار ناکرێت. بۆیە جووتیار ناچارن روو لەو کارە بکەن، چونکە داهاتی لانیکەم 10 هێندەی گەنم و نۆک و جۆیە."
 
چاندنی خەشخاش لە کرماشان پێشتریش هەبووە، بەڵام هیچ کات وەکو ئەم ساڵ زۆر نەبووە. جووتیاران دەڵێن، پێشتر کڕیاریشیان کەمبووە، بەڵام ئەم ساڵ لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشەوە، خەڵک بۆ کڕینی شیرەی خەشخاش دەچنە کرماشان.
 
ئەو جووتیارە دەڵێت، "پار ژمارەیەکی زۆر پۆلیس هاتن و هەموویان رشاند و بە تەواوی بەرهەمەکەیان لەنێوبرد، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەم ساڵ باشە و خەریکی هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکەین. ساڵانی رابردوو کڕیارمان نەبوو، بەڵام ئەم ساڵ لە تاران و ئیسفەهان و مەشهەد و شیرازەوە دێن و دەیکڕن. زۆر باشە سوپاس بۆ خودا."
 
چاندنی خەشخاش لە کرماشان لە کاتێکدایە، بەپێی ئاماری فەرمی 5.9٪ی کەسانی سەرووی 15 ساڵ لەو پارێزگایە مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، رێژەکە بەردەوامیش لە بەرزبوونەوەدایە و ئاستی تەمەنیی تووشبوونیش ساڵ بە ساڵ زیاتر دادەبەزێ.
 
چاندنی خەشخاش و بەردەستبوونی، دەتوانێ هۆکارێکی سەرەکی بێ بۆ گیرۆدەبوونی خەڵکێکی زیاتر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە