بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی باجد کەندال لە زاخۆ هەشت کەس برینداربوون

30-06-2022
یوسف موسا
چیرۆکی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کەمپی باجد کەندال لە زاخۆ
چیرۆکی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کەمپی باجد کەندال لە زاخۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە کەمپی باجد کەندال لە دەشتی سلێڤانەیی لە زاخۆ کەوتەوە و، بەگوێرەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە کە بەهۆیەوە هەشت کەس بەشێکی جەستەیان سووتا و دوو کەسیش بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە، تووشی هەناسە تەنگی بوون.
 
بەهۆی ئاگرەکەوە کە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-06-2022 کەوتەوە، 22 خێمەی کەمپەکە ئاگری گرت کە 49 خێزان تێیدا دەژیان، تەواوی ناوماڵی ئەو خێزانانە سووتان. سلێمان سەیدۆ شەمۆ، یەکێک لە زیانبەرکەوتووانی ئاگرەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "70 وەرەقەی یۆرۆ لەنێو قاسەکەدا بوو، دوێنی بەنیاز بووم بیبەمە ماڵێک، بەڵام ئەمڕۆ ئاگر لە خێمەکە کەوتەوە."
 
فەیسەڵ رەشۆ، یەکێکی دیکەیە لە زیانبەرکەوتووانی ئاگری کەمپەکە و باسی لەوە کرد، تەباخ، بووتڵی غاز، غەسالە و هیچ شتێکی دیکەیان بۆ نەماوەتەوە.
 
زیانبەرکەوتووانی ئاگرەکەی کەمپی باجد کەندال داوا دەکەن کە لە بری خێمە، بە بلۆک خانووەکانیان نۆژەنبکرێتەوە.
 
مەحبووبا شەمدین، یەکێکی دیکەیە لە زیانبەرکەوتووانی ئاگرەکە و بە رووداوی گوت، هەموویان بلۆکیان دەوێت و داواش دەکات لە شوێنی خێمە سووتاوەکان، بە بلۆک خانووەکانیان نۆژەنبکرێتەوە.
 
بەهۆی زۆریی ئاگرەکەوە، حەوت تیمی ئاگر کوژێنەوە لە دهۆکەوە بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنیدا کرد، سەرەڕای ئەوەش دوای نزیکەی دوو کاژێر ئینجا توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت.
 
سەلیم میرۆ، کارمەندێکی تیمی ئاگرکوژێنەوە کە بەهۆی ئاگرەکەوە بەشێکی جەستەی سووتاوە، بە رووداوی گوت: "ئاومان پێدا کرد، تانکییەکی گاز تەقی و، خەڵک ئێمەی پاڵدا و کەوتینە نێو ئاگرەکەوە."
 
لەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەیەدا، هەشت کەس بە سووکی بەشێکی جەستەیان سووتا و دوو کەسیش بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە، تووشی هەناسەتەنگی بوون کە یەکێکیان کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوەیە.
 
ئیبراهیم محەممەد رەشید، بەرپرسی تیمی ئاگرکوژێنەوەی دهۆک باسی لەوە کرد: "پێکهاتەکانی نەوت، غاز و گازی تێدا بوون، زوو زوو ئاگری دەگرت، تەنانەت ئەگەر بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوەش لەنێو کەمپەکەدا هەبوایە، نەیدەتوانی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات، ئینجا ئێمە لە ئیبراهیم خەلیل و باتێل و سێمێل هاتین و، تاوەکو گەیشتینە ئێرە ئاگرەکە گەورە ببوو و زیانی کردبوو."
 
دوای رووداوەکە، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک چووە کەمپەکە و لە نزیکەوە بەشێک لە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی بینی، بەگوێرەی پارێزگاری دهۆک، دوای تەواوبوونی خەمڵاندنی زیانەکان، سەرجەم زیانبەرکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە