رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و نوێنەرانى چەند وەزارەتێک و پەرلەمانتارانى کەرکووک پێکدەهێنرێت بۆ وردبینیکردن لە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
30ى تەممووزى 2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی یەکشەممە، 30-7-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەکە پێکهێنراوە و دەبێت لەماوەى 45 رۆژدا کارەکانى تەواو بکات و دوایین وادەش 6ى ئەیلوولە .
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى ناوخۆ، تەندروستى، بازرگانى، داد، پلاندانان، لەگەڵ نوێنەرانى پێکهاتەکانى کەرکووک لە پەرلەمانى عێراق.
ئەو لیژنەیە بەگوێرەى بڕگەى یەکى مادەى 13ى هەموارى سێیەمى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق پێکھێنراوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو هاووڵاتییانەى ناویان لە سەرژمێریى ساڵى 1957ى کەرکووک هاتووە، لە تۆمارى دەنگدەرانى هەڵبژاردنى قەزا و ناحیەکان دەبن، جگە لە دانیشوانى هەردوو ناحیەى زاب و سەرگەڕان؛ هەروەها ئەو ئاوارانەى کەرکووک کە گەڕاونەتەوە یان فۆرمى خۆراکیان پێش ساڵى 2003 لە کەرکووک بووە، دەتوانن بەشدارى ئەو هەڵبژاردنە بکەن.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو وردبینیکردنە ئەوانەش دەگرێتەوە کە پێشتر بە لێژنەى راستاندنى جێبەجێکردنى مادەى 140ى تێپەڕبوون یان تێدەپەڕن.
لەدواى ساڵى 2005 ئەوە یەکەمجارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک دەکرێت. یەکێک لە هۆکارەکانى دواخستنى ئەو هەڵبژاردنە لە لە دوو خولى رابردوودا تێبینیەکان بووە لەسەر تۆمارى دەنگدەرانى شارەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ