پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە؛ پرسی هەڵبژاردن تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە

30-07-2023
سۆران حوسێن
لۆگۆی پارتی و یەکێتی
لۆگۆی پارتی و یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە باشووری کوردستان تاوتوێ دەکەن. پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە کاژێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 30-7-2023 لە دەباشان دەبێت. 
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو دەڵێت، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام هەردوو شاند چەند بابەتێکی دیکەش باس دەکەن، وەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە لە 18-12-2023 لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 
 
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکەیاندا تیشک دەخەنە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیشیان؛ هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن. 
 
یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوەکە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی بۆ رۆژنامەڤانان قسە دەکات و وردەکاریی زیاتر لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رادەگەیێنێت. 
 
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژی 9-7-2023 شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو. 
 
درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنچینەی بڕیارەکەی کۆتایی مانگی ئایار هەڵوەشایەوە و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بە مەبەستی دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردن. 
 
 
رۆژی 26-07-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات. 
 
دڵشاد شەهاب رایگەیاند، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتییان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نیشانداوە.
 
دواتر هەمان رۆژ هاژە شێخ سلێمان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانیان کردووین و رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024یان پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی تێدا بکرێت و ئەو پێشنیازەش دەدەنە سەرجەم لایەنەکانی دیکە و دواتر رادەگەیێندرێت." 
 
رۆژی 29-7-2023ش هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو بە رووداوی گوت، ''ئێمەش 25ـی مانگی شوباتمان پێ گونجاوە، واتە ئەگەر درەنگ نەبێت، زوو نییە.''
 
هێمن ئەسکەندەر رایگەیاند، ''پیویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان بە زووترین کات بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدایە و کوردستان بەگشتی لە هاوکێشەی عێراقییدا لە لاوازیدایە و دەبێ ئێمە رەوایی بۆ دامودەزگاکانی خۆمان بگێڕینەوە.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.