ژمارەیەک لە دانیشتووانی هەولێر گلەییان لە کەمیی ئاو و کارەبا هەیە؛ 'بە تانکەر ئاو دەکڕین'

30-07-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای کردنەوەی پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری و هەبوونی پڕۆژەی رووناکی بۆ کارەبای 24 کاژێری، بێئاوی و کەمیی کارەبا تەنگی بە دانیشتووانی بەشێک لە گەڕەک و ناوچەکانی پارێزگای هەولێر هەڵچنیوە؛ هاونیشتمانییان داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی ''خێرا'' دەکەن.
 
گلەییەکان لەکاتێکدان کە 10 رۆژ لە کردنەوەی هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر تێپەڕیوە کە بڕیار بوو کێشەی کەمئاوی چارەسەر بکات، بەڵام هێشتا بەشێک لە هاونیشتمانییان دەڵێن بێ ئاوین.
 
رێبوار محەممەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی هەولێرە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ''ماوەی هەفتەیەکە کێشەی ئاومان هەیە، شەوی رابردوو سێ کاژێر ئاو هاتووە و نازانین تاوەکو کەی بێئاو دەبین.''
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر گرفتی ئاویان نەبووە و دوو رۆژ جارێک بۆیان بەردراوەتەوە، ''بەڵام لەم هەفتەیەدا، چوار رۆژە ئاومان بۆ نەهاتووە و لەم هاوینە گەرم و تاقەتپڕوکێنەدا ناتوانین بەوشێوەیە بژین.''
 
بۆ دابینکردنی ئاو، گەڕەکی نەورۆز پشت بە بیرەکان دەبەستێت کە پێویستی بە کارەبایەکی بەردەوامە. رێبوار محەممەد گوتی، ''نزیکەی دوو مانگە کارەبامان خراوەتە سەر پرۆژەی رووناکی و 24 کاژێرییە، بەڵام بیرەکان وەکو پێویست کاریان پێناکرێت و خەڵکیش لە دۆخێکی سەختدان، ناتوانن بەردەوام بە تانکەر ئاو بکڕن.''
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بەهۆی بێئاوییەوە، دوو رۆژ جارێک ناچارن تانکەرێک ئاو بە 40 هەزار دینار بکڕن، ''بەڵام ناتوانین لەم بێ مووچەییەدا ئاو بکڕین، داواکارین چارەسەرێکمان بۆ بدۆزرێتەوە.''
 
ئەنداز عەلی، دانیشتووی گەڕەکی سەربەستی ( 32ـی پارک)ـە لە هەولێر، بە رادیۆی رووداوی گوت، ''نزیکەی دوو هەفتەیە کێشەمان بۆ دروست بووە و ئاومان نییە، ناچارین بە تانکەر ئاو بکڕێن.''
 
ئەنداز عەلی دەڵێت، پێشتر رۆژ نا رۆژێک ئاویان بۆ بەردراوەتەوە، ''بەڵام ئێستا دوو هەفتەیە بێئاوین، لەکاتێکدا پرۆژەی فریاگوزاریی ئاو جێبەجێکراوە و دەبووایە دۆخمان لەوە باشتر بێت.''
 
ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکەکانی هەشتی حەسارۆک، بنەسڵاوە، دارەتوو، قەتەوی، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی چوار، 5 و 6 ئاویان پێدەگات
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، ''من فەرمانبەرم لەم بێ مووچەییەدا ناچارین بە دوو یان سێ رۆژ جارێک، تانکەرێک ئاو بكڕین، ئەویش بە نرخێکی گران.''
 
گەڕەکی سەربەستیی 32ی پارک دەکەوێتە سنووری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوەوە. ئەنداز عەلی گوتی: ''پێشتر لە رێگەی بیرەوە ئاومان بۆ دابین دەکرا، بەڵام لەو کاتەوە کە هێڵی فریاگوزاری تەواو بووە، 6 کۆڵانی گەڕەکی سەربەستی لای دووسایدی پاسپۆرت، کێشەی ئاویان هەیە و هەموو دانیشتووانی ناچارن ئاو بكڕن.''
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60%ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
 
رێگەی سەرەکیی هەولێر- موسڵ داخرا
 
هەر ئەمڕۆ وەکو دەربڕینی ناڕەزایی بۆ کەمیی کارەبا، گوندنشینانی سنووری قەزای خەبات رێگەی سەرەکیی هەولێر - موسڵیان داخست.
 
داواکاریی سەرەکیی گوندنشینانی ناوچەکە چارەسەرکردنی گرفتی کارەبایە و دەڵێن، بێکارەبایی تەنگی پێهەڵچنیون.
 
یەکێک لە هاونیشتمانییانی خەبات بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''لە 48 کاژێردا چوار کاژێر کارەبامان نییە، دێتەوە، بەڵام دوای 20 خولەک دووبارە دەبڕێت، ئەوە نابێتە کارەبا. هیچ ژیانمان نییە."
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، سەرەڕای پچڕانی کارەبای نیشتمانی، کارەبای موەلیدەشیان نییە ''موەلیدەیەکیان هێناوە کە 10 خولەک کاری کرد، بەڵام مەکینەکەی تەقی و ئێستا لەکارکەوتووە.''
 
دانیشتووێکی دیکەی خەبات بە رووداوی راگەیاند، ''هەندێک کەس منداڵی بچووکیان هەیە و پێویستییان بە کارەبایە، ئینجا داوامان لە حکومەت ئەوەیە کارەبامان بۆ دابین بکات.''
 
لە وەرزی گەرمادا خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات. هاونیشتمانییان دەڵێن، هەرچەند پلەی گەرمی بەرز ببێتەوە، ئەوەندەش بڕی کارەبای نیشتمانی کەم دەکات.
 
''تەنیا 3.5 کاژێر کارەبامان هەیە''
 
لە سنووری قەزای شەقڵاوەش زۆربەی گوندنشینان دەڵێن، لە 24 کاژێردا تەنیا دوو کاژێر کارەبایان هەیە و بەهۆی نەبوونی کارەبای بیرەکان، گرفتی ئاویشان بۆ دروست بووە.
 
وەسمان محەممەد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی سەرکەندی خەیلانیانی سەر بە قەزاکە بە رووداوی گوت، "لە 24 کاژێردا تەنیا 3.5 کاژێر کارەبامان هەیە. ئێمە کارەبای وزەی خۆرمان هەیە، خەڵک دێن لە ماڵی ئێمە بەفر دەبەن، ئاویشمان خراپە بەهۆی بێ کارەباییەوە."
 
بەپێی خشتەی دیاریکراو دەبێت گوندەکان لە کاژێر 12:00بۆ 16:00، هەروەها لە کاژێر 19:00ـوە  بۆ 01:00ـی بەرەبەیان کارەبای نیشتمانییان پێبدرێت، بەڵام ئێستا کەمتر لە خشتەی دیاریکراو کارەبایان بۆ دابین دەکرێت، لەکاتێکدا موەلیدەشیان نییە.
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەردانی گوندی سۆربەشی کردووە لە ناحیەی شەمامک و دەڵێت، کاژێر 13:30 خولەکی ئەمڕۆ، پلەی گەرمی لە گوندەکە 45 پلە بوو، بەڵام نە کارەبای نیشتمانییان هەبوو، نە کارەبای موەلیدە.
 
عەباس عومەر، دانیشتووی گوندی سۆربەش بە رووداوی راگەیاند، ''رۆژانە دوو کاژێر کارەبامان هەیە، شەوانەش دوو کاژێر. کاتێک ئاویش بەردەدرێتەوە، دەبێ بە خێرایی تانکییەکانمان پڕ بکەین، بەڵام هەندێک ماڵ هەیە ئاویان هەر بۆ ناچێت.''
 
بەگوتەی فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا کە 27ـی تەمموز قسەی بۆ رووداو کرد، کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 4 هەزار و 300 مێگاواتە، کەچی ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر کارەبا گەیشتووەتە سەرووی 6 هەزار مێگاوات.
 
بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو، پڕۆژەی رووناکی تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سوود لە پڕۆژەی رووناکی وەردەگرن و کارەبای 24 کاژێرییان هەیە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.