رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، رێکارەکانی سڕینەوە و زیادکردنی ناو، گواستنەوە، جیاکردنەوە و راستکردنەوەی زانیارییەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستپێدەکەن.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "پرۆسەکە بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەکرێت. قۆناخی یەکەم، خزمەتگوزارییەکانی سڕینەوە و زیادکردنی ناو دەگرێتەوە. قۆناخی دووەمیش خزمەتگوزارییەکانی وەکو گواستنەوە لەنێوان پارێزگاکان و راستکردنەوەی زانیارییەکان لەخۆدەگرێت."
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تۆمارکردنی زانیاریی زیاتر لە 37 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو بووە.
محەممەد حەنوون گوتیشی، "خۆتۆمارکردن لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 85% و وردەکارییەکەش بەم جۆرەیە: هەڵەبجە 89%، هەولێر 87%، سلێمانی 86% و دهۆک 82%. کۆی گشتیی ئەوانەی زانیارییەکانیان لە هەرێمی کوردستان نوێکردووەتەوە گەیشتووەتە زیاتر لە چوار ملیۆن و 601 هەزار هاووڵاتی."
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "وەزارەتەکەیان چەندین دەرفەتی بە هاووڵاتییان داوە بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان و دوایین کاتیش 01-09-2025ـە."
پسووڵەی ئێستای خۆراک بۆ ساڵی 1996 دەگەڕێتەوە؛ بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ