ئۆکراینا لەسەر دانپێدانانەکەی لالەزار: مەشقمان بە کەس نەکردووە بۆ بەرهەمهێنانی درۆن

30-08-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسداران، ئۆکراینا بە ''دەستهەبوون'' لە شەڕەکەی لالەزار و راهێنانی پاسەوانەکانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ بەکار‌هێنانی درۆن تۆمەتبار دەکات. باڵیۆزخانەی وڵاتەکەش لە عێراق رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، ئامانجیان لەکەدارکردنی ئۆکرانیا و سەرکردایەتییەکەیەتی.
 
ئەمڕۆ شەممە 30-08-2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر شەڕەکەی لالەزاری سلێمانی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا لە زاری پۆلیسی سلێمانییەوە هاتووە، سێ ئۆکراینی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون کە لەسەر درۆن راهێنانیان بە ''گرووپێکی چەکدار'' کردووە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئامانج لە راهێنانەکە، پاڵپشتیی مادی و راهێنان بووە، بە مەبەستی ''بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆر'' لەلایەن پاسەوانانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل.
 
بەگوێرەی تەسنیم، لاهوور شێخ جەنگی، نزیکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل و رۆڵی راستەوخۆی لە بەرەنگاربوونەوەی زۆربەی لایەنەکانی ''بەرەی موقاوەمە''ـی عێراقدا هەبووە.
 
ئاژانسە هەواڵدەرییەکە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە چەند مانگی دواییدا، ئەمنیەتی سنوورەکانی رۆژئاوای ئێرانیان تێکداوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ''ئەو راپۆرتە ناڕاستانە رەتدەکاتەوە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندندا بڵاوکراونەتەوە، گوایە لایەنی ئۆکراینی تێوەگڵاوە لە ئامادەکردن یان مەشقپێکردنی ئەو کەسانەی کە کاری نایاسایی لەسەر خاکی عێراق یان هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدەن.''
 
تەسنیم ئۆکراینا بە راهێنانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بۆ بەکارهێنانی درۆن تۆمەتبار دەکات کە 8ـی کانوونی یەکەمی پار بە هاوکاریی گرووپە چەکدارەکانی دیکە توانیان رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بڕووخێنن و دەشڵێت، ''ئامانجی ئۆکراینا تەنیا زەبر وەشاندن نەبوو لە بەرژەوەندییەکانی رووسیا، بەڵکو ئەو وڵاتە بووەتە بەکرێگیراوی ناتۆ.''
 
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، ''ئۆکرانیا هەرگیز هیچ چالاکییەکی پەیوەندیدار بە مەشقپێکردنی چەکدار یان بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەکارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی وڵاتەکەمان نەکردووە و ناکات. ئەم جۆرە بانگەشانە زانیاریی ناڕاستی ئاشکران کە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە. ئێمە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بە هەوڵێک بۆ لەکەدارکردنی ئۆکرانیا و سەرکردایەتییەکەی دەزانین.''
 
شەوی 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد و گوتیان، فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
 
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە شەڕەکە کۆتاییهات، لاهوور شێخ جەنگی و برایەکی بە ناوی پۆڵاد دەستگیر کران.
 
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) دانپێدانانی چەند دەستگیرکراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکەن، بۆ راهێنان لەسەر بەکارهێنانی جۆرەکانی درۆن، نێردراونەتە ئۆکراینا و لەسەر داوای ئەژی ئەمین و لاهوور شێخ جەنگی پلانیان هەبووە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند کەسایەتیی سیاسیی دیکە تیرۆر بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.