شارەوانیی سەیدسادق: هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە بەزوویی زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بکەین

30-09-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی قەزای سەیدسادق رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 2000 فۆرم لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە گەڕاوەتەوە بۆیان، بۆئەوەی زەوییان بەسەردا دابەشبکرێت و دەشڵیت، هەموو هەوڵێکی شارەوانی ئەوەیە زوو زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنوورەکە تەرخان بکرێت.
 
چەند فەرمانبەرێک لە سنووری قەزای سەیدسادق پەیوەندییان بە رادیۆی رووداوەوە کرد و داوا دەکەن، پەلە بکرێت لە دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا.
 
زمناکۆ ئەنوەر، سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە ئامادەکارییەکانی شارەوانیی سەیدسادق کرد بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا و گوتی، "کاری جیدیمان کردووە بۆ تەرخانکردنی زەوی، بەڵام ئەو تایبەتمەندییەی لە سەیدسادق و شارەزوور هەیە، تاڕادەیەک جیاوازترە، چونکە زۆرینەی زەوییەکانی دەوروبەری شارەکە کشتوکاڵین و جووتیاران یان خاوەنداری دەکەن یان گرێبەستیان هەیە."
 
سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق گوتیشی، "شوێنمان دیاریکردووە بۆ ئیفرازکردنی زەوی و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین، بەڵام بەشی ئەو ژمارە فەرمانبەرانە ناکات کە پێویستە زەوییان بۆ دابین بکەین."
 
زمناکۆ ئەنوەر ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانگەکان خۆیان لیستی ناوی فەرمانبەرانیان بەرزکردووەتەوە، "ئەوەی تاوەکو ئێستا بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە، 2225 فۆرمە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە فۆرمەکان کێشەیەکیان هەیە، ئەویش ئەوەیە سەیدسادقییەکان چەندجاریک راگوێزراون و شارەکە لەلایەن بەعسەوە تێکدراوە، بەشێک لەو فەرمانبەرانە سوودمەندی بڕیاری ژمارە 241ی ئەنجوومەنی وەزیرانن و بەگوێرەی رێنوێنییەکی وەزارەتی شارەوانی ئەو فەرمانبەرانە بە سوودمەند هەژمار دەکرێن.
 
بڕیاری ژمارە 241ی ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەرکراوە بۆ دانیشتووانی قەزای سەیدسادق کە خانوو و زەوییەکانیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە تێکدراون.
 
زمناکۆ ئەنوەر گوتیشی، "داوامان لە فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی سەیدسادق کردووە ژمارە و ناوی هەموو ئەوانەمان بۆ ئامادە بکەن کە سوودمەندی بڕیاری ژمارە 241ن، بۆئەوەی بە نووسراو لە رێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بکەین، ئەو فەرمانبەرانە وەکو سوودمەند هەژمار نەکرێن و بتوانن زەوی وەربگرن."
 
سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق باسی لە گرفتی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان کرد و گوتی، "هاوشێوەی زۆرینەی شوێنەکانی دیکە گرفتی سەرەکیی بابەتی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکانە، چونکە 100%ی زەوییەکانی دەوروبەری سەیدسادق کشتوکاڵین و ئێمە دەمانەوێت بە جۆرێک سنووری شارەوانی فراوان بکرێت، گرفتمان بۆ دروست نەبێت لە داهاتوودا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە