رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێ، حیزبەکەی داوای جۆرێک لە گەرەنتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نوێی حکومەت کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر یەکێتی هەست بکات کە "هاوبەشی راستەقینە" نابێ، ئەوا هەڵوێستی تاوەکو ئاستی کشانەوە دەبێ.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی، بەم زووانە لە رێگەی لیژنەیەکی باڵاوە ناوی بەربژێرانی حیزبەکەی بۆ پۆستەکانی پەرلەمان و حکومەت یەکلایی دەکەنەوە و گوتیشی، لە کۆبوونەوەکاندا یەکێتی پێداگری لەوە دەکات کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی پێکەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رابسپێردرێن.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "کۆبوونەوەکانی ئەم رۆژانەی پارتی و یەکێتی زۆر گرنگن و بەو ئاراستەیەن بە زووترین کات پەرلەمان کارا بکرێت".
پۆڵا تاڵەبانی گوتیشی: "دیدگەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ پارتی بۆ کابینەی نوێی حکومەت هەیە".
"گەرەنتی کاری پێکەوەیی"
لە بەشێکی گوتەکانییدا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)، پۆڵا تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە یەکێتی داوای جۆرێک لە گەرەنتی دەکات بۆ "کاری پێکەوەیی لە کابینەی نوێی حکومەت" و گوتی: "لەم کابینەیەی حکومەتدا هەندێک گرفت و کێشە لەنێو حکومەتەکەدا هەبوون، تاوەکو ئەو ئاستەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی یەکێتی لە حکومەت بایکۆتی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کرد. هەربۆیە لەم کۆبوونەوانەدا داوای گەرەنتی دەکەین؛" ئاماژەی بەوەشکرد، بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان گوتووە کە ئەگەر یەکێتی هەست بکات هاوبەشی راستەقینە نییە، ئەوا هەڵوێستی جیدی دەبێت تاوەکو ئاستی "کشانەوە و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکە".
"تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکان بە باشی بەڕێوەچوون و خواست و داواکارییەکانی یەکێتیش لە یەک چوارچێوەدان کە حکومەتەکە رەشید بێت و خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتی پێداگری لە پۆستی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان هەر وەزارەتێکی دیکە دەکات کە خزمەتی خەڵکی پێبکات لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی داوە،" پۆڵا تاڵەبانی وای گوت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی: "نیەت و ویستێکی جیدی لەلایەن پارتی و یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، کاری هاوبەش و پێکەوەیی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کات هەیە، بەو پێیەی دۆخی هەستیاری ناوچەکە وا دەخوازێ پارتی و یەکێتی پێکەوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە".
رۆژی (30/9/2025) پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێری خایاند و تێیدا باس لە پێکهێنانی حکومەت کرا. پارتی و یەکێتی راگەیێندراویان لەبارەی کۆبوونەوەکە نەبوو، بەڵام رووداو زانیویەتی، تەوەرێکی سەرەکی کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان بووە کە نزیکەی ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەوە کراوە لە مانگی 10دا پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژێرێ و دەست بە کاروباری خۆی بکات و لیژنەکان پێکبهێنێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت، جێگرەکەی بۆ پارتی دەبێت، بەڵام دیار نییە سکرتێر بۆ چ لایەنێک دەبێت.
رووداو زانیویەتی، هەر لە مانگی 10دا پارتی و یەکێتی هەوڵ دەدەن ناوی بەربژێرانی پۆستە باڵاکانی کابینەی نوێی حکومەت یەکلایی بکەنەوە و یەکێتی پێداگری لە وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ دەکات.
سێ سەرچاوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بە رووداویان گوت، یەکێتی داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆی کردووە و چاوەڕێی ئەوەن پارتی وەڵامیان دەداتەوە.
تاوەکو ئێستا ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن پارتی بە پێدانی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی نەرمێ بنوێنێ، بەڵام پێدەچێ پۆستی وەزیری ناوخۆ وابەستەی پۆستێکی باڵا بکرێ، واتە ئەو کەسەی دەبێتە وەزیری ناوخۆ پۆستێکی دیکەی باڵای لەنێو حکومەت هەبێت، هاوشێوەی حکومەتی عێراق کە سەرۆکوەزیران چوار جێگری هەیە و هەر یەکەیان وەزیریشە.
"لالەزار کاریگەریی لەسەر پارتی و یەکێتی نەبوو"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەڵامی نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەکە کاتێک لێی پرسی ئایا رووداوەکانی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی هیچ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی هەبووە، پۆڵا تاڵەبانی گوتی: "هیچ کاریگەرییەکی نەبووە و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی هەر لە باشیدان و کۆبوونەوەکانی ئەم چەند رۆژەش دەرخەری ئەو راستییەن کە رووداوەکانی لالەزار لە راستیدا هیچ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی نەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ