رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە دەڵێت، 26 جۆر هەنار لە هەڵەبجە هەن و 17ـیان لە فێستیڤاڵەکە نمایشکراون.
"پلاستیک قەدەخەکراوە لە فێستیڤاڵەکە"
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی، ئەم ساڵ گونجاویی کەشوهەوا هۆکارێک بووە بۆ گەرموگوڕیی فێستیڤاڵەکە. ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، ئەم ساڵ لە فێستیڤاڵەکە چالاکیی هونەریی وەک کۆنسێرتی میوزیک و گۆرانی و پێشانگەی وێنەیان زیادکردووە.
چیا قاسم دەڵێت، پلانێکی تۆکمەی ئەمنی و هاتووچۆیان داناوە و ئەم ساڵ گرنگییەکی تایبەتیان بە ژینگە داوە و مادەی پلاستیکیان قەدەخە کردووە.
بەگوتەی چیا قاسم، نزیکەی 20 رۆژ سەرقاڵی ئامادەکاری بوونە و ئامادەکارییەکی باشیان کردووە، لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان هاوئاهەنگییان کردووە بۆ هاتنی زۆرترین گەشتیار، بۆیە پێشبینی دەکات زیاتر لە 300 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە باسی لەوەشکرد، سێ رۆژ پێش فێستیڤاڵەکە، سێمیناری تایبەتیان بۆ سەرجەم بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کردووەتەوە و داوایان لێکردوون بەرهەمەکانیان بە هەرزانترین نرخ پێشكێش بکەن.
"بەرهەمی هەنار دەگاتە 35 هەزار تۆن"
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، لە سنووری هەڵەبجە زیاتر لە 12 هەزار دۆنم باخ هەیە کە 10.3 هەزاری تایبەتە بە هەنار و 2300 باخەوانی هەنار کاریان تێدا دەکەن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ گوتی، بەرهەمی هەنار لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی ساڵانە لەنێوان 20-30 هەزار تۆنە. هەندێکجاریش دەگاتە 35 هەزار تۆن.
ستار مەحموود گوتیشی، 26 جۆر هەنار لە هەڵەبجە هەن و 17 جۆریان لە فێستیڤاڵی هەنار نمایشکراون. باشترین جۆری هەناریش لە هەڵەبجە، هەناری ساڵەخانییە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، هەزار دار گوێزیش لە هەڵەبجە هەن، کە بەرزترینە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
"زەیتی ناوکی هەنار دروست دەکەین"
خاوەن کارگەیەکی بەرهەمهێنانی بنێشت بە ناوی بینەر تاهیر یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە. بینەر دەڵێت، تاکە کارگەی بنێشتیان هەیە لە هەڵەبجە و هەلی کاریان بۆ 30 کەس رەخساندووە.
ئەو خاوەن کارگەیە ئاماژەی بەوەدا، کار لەسەر هەناریش دەکەن و ناوکی ئەو هەنارانەی دەکرێنە شەربەت و فڕێدەدرێن، کۆی دەکەنەوە و دەیکەن بە زەیت [زەیتی ناوکی هەنار]. بە گوتەی ئەو "زەیتەکە بۆ پێست زۆر باشە و بەرهەمێکی سرووشتییە."
کەوسەر محەممەد، خانمێکی دەستڕەنگین کە لە فێستیڤاڵەکە بەشدارە دەڵێت، لە هەنار بەرهەمی دەستی دروست دەکەن، لەوانە مەدالیا و ملوانکە.
عادل عەلی رەسووڵ، ناسراو بە عادلی شاڵ کە بەرگدرووە، بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەیە کە بەرهەمەکانی نمایشکردووە.
عادل دەڵێت، شاڵی هەیە بەشێوەیەکی تایبەت دروست دەکرێن و نرخی یەک دانەیان دەگاتە زیاتر لە هەزار دۆلار.
ئەو بەرگدرووە دەڵێت، ساڵانە بایی 200 بۆ 300 هەزار دۆلار شاڵ لە زاخۆوە دەهێنێت و لە ناوچەکانی هەڵەبجە و هەورامان دەیفرۆشێتەوە.
ئەو تەنانەت جۆرە پشتێنێکی دروستکردووە لەگەڵ کەشوهەوا دەگونجێت.
یەک پەرداخ شەربەت بە 15 هەزار دینار"
باخەوانێک کە بە هەنار و بەرهەمەکانی دیکەی وەک شەربەتی هەنار و سرکەی میوەکانی دیکە بەشداریکردووە دەڵێت، هیچ مادەیەک تێکەڵی شەربەتەکەیان ناکەن.
ئەو دەڵێت، بە نزیکەیی لە هەر دوو هەنارێک، پەرداخێک شەربەتی سرووشتیی هەنار دروست دەکەن. نرخی دەبەیەکی 20 لیتریشی بە 25 بۆ 30 هەزار دینارە.
هاونیشتمانییەکیش لەبارەی شەربەتی هەنارەوە گوتی، لە دوبەی بووە و یەک پەرداخ شەربەتی هەناری هەڵەبجەی بۆ هێندراوە کە نرخەکەی بە دیناری عێراقی 15 هەزار بووە.
فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ