رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان کۆبووەوە و بە سێ هۆکار، مامەڵەکردنی بە کارتەکە حەرام کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و هاونیشتمانی پرسیاریان لە لێژنەی فەتوا کرد لەبارەی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەو بارەوە کۆبووەوە و بە تێکڕای دەنگ مامەڵەکەی حەرام کرد.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، هۆکاری حەرامکردنی مامەڵەکەی لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە بۆ سێ خاڵ گەڕاندەوە:
یەکەم: دەنگدان ئەمانەتە و بە فیڕۆدانی پێچەوانەی شەرعە، ناکرێ کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت.
دووەم: مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان خراپ بەکارهێنانی مافی شەرعی و یاساییە.
سێیەم: لەبەرئەوەی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان نایاساییە، کەواتە حەرامیشە.
بە گوتەی شێرکاوەیی، "کڕین و فرۆشتنی دەنگ لێکەوتەی خراپ بۆ داهاتووی وڵات دروست دەکات و پرۆسەی هەڵبژاردن دەشێوێنێت، کەسی نەشیاو دەباتە پێشەوە، گەندەڵیی سیاسی، تەزویر و خیانەت لە ئەمانەت دروست دەکات."
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگیان دا بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ