رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەردانی سلێمانی دەکات. ئەو لەو باوەڕەدایە حیزبەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بەدەستدێنێ، لەبارەی کابینەی دەیەم و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ: "پارتی بیر لە بژاردەی دیکە دەکاتەوە."
مەحموود محەممەد، رۆژی پێنجشەممە، 30-10-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند: "پلانێکی تۆکمەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن داناوە و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی، لە چوارچێوەی یاسا و رێکار و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بانگەشەی خۆمان دەکەین و هەوڵدەدەین دەنگدەرانمان متمانە بە پارتی نوێ بکەنەوە و زۆرترین دەنگ بۆ پارتی بێت."
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی چەند جارێک لە بانگەشەی حیزبەکەی داوای لە دەنگدەرانی پارتی کرد دەنگی حیزبەکە لە هەڵبژاردن بگەیێننە ملیۆنێک دەنگ، هەروەها مەسرور بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ " چاڵێنجەکەی" نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە، گوتەبێژی پارتیش بەهەمان شێوە دەڵێ،"لە هەڵبژاردنی پێشوودا 812 هەزار دەنگمان هێناوە بەبێ بەشداریی پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەلاحەدین و بەغدا، لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشدا تەنیا لە نەینەوا 150 هەزار دەنگمان هێناوە، بۆیە هەوڵدەدەین زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بهێنین."
هێشتا 8 رۆژ ماوە بۆ بانگەشەی لایەنەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، لەبارەی گوتاری سەرۆک بارزانی بۆ لایەنگرانی پارتی و گردبوونەوەی جەماوەری لە شاری هەولێر، مەحموود محەممەد دەڵێت: "بەرنامەمان هەیە و کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوانمان دەبێت، بە بەشداریی سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، دڵی خەڵکی هەولێر خۆشتر دەبێت."
مەحموود محەممەد دەڵێ: "بۆ سلێمانیش بەرنامەی دیاریکراومان هەیە و بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی باڵا و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەردانی سلێمانی دەکەن."
گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی نەخشە و پلانیان، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە شنگال، زوممار، دەشتی نەینەوا، مەخموور و شاری موسڵ بەردەوامە و هەڵمەتی گەڕانی ماڵ بە ماڵیشیان هەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دوو کورسی هەیە، حیزبەکە چاوی لەوەیە دەنگ و کورسی هەم لە کەرکووک هەم لە نەینەوا زیاتر بکات، گوتەبێژی پارتی سەبارەت بە دەنگەکانی حیزبەکەی لە کەرکووک و نەینەوا، ناوبراو گوتی: "کەمبوونەوەی دەنگ و کورسی جیاوازن، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی هەڵبژاردنی سانتلیگۆ. گوتیشی، "ئەمجارە هەوڵەکانمان چڕترن بۆ ئەوەی دەنگ و کورسییەکانی پارتی زیاد بکات. لە هەڵبژاردنی رابردوودا دەنگی پارتی لە کەرکووک زیادی کرد، کەمی نەکرد."
لەبارەی پێشبینییەکانیان بۆ ژمارەی کورسییەکان، مەحموود محەممەد گوتی، "هیچ ژمارەیەک باس ناکەین، بەڵام بەگوێرەی هەموو ئاماژەکان، دەنگ و پێشوازی لە پارتی زیاتر دەبێت. ئەنجامی راپرسییەکانمان دڵخۆشکەرە و پێشبینی دەکەین کورسییەکانمان بەگوێرەی پێشبینییەکان بن و بگرە زیاتریش بن."
مەحموود محەممەد: یەکێتی هۆکاری هەڵنەبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو
دەربارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، گوتەبێژی پارتی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە و رایگەیاند: "کام لایەن لەگەڵ جێبەجێکردنی دەستوور و دیموکراسی بێت، ئەوا دەتوانن بۆ پێکهێنانی حکومەت گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن."
مەحموود محەممەد روونیشی کردەوە: "پارتی مەرجی سیاسیی نییە، تەنیا مەرجی ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر باوەڕی بە جێبەجێکردنی دەستوور، سیستمی فیدراڵی، هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی هەبێت. پێویستە حکومەتی عێراق رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکان بێت، چونکە عێراق بە تەنیا بە لایەنێکی دیاریکراو بەڕێوەناچێت و دەبێت هەمووان بەشداری بکەن."
زیاترلە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت نوێ پێکنەهێنراوە، مەحموود محەممەد گوتی، "شاندی یەکێتی و پارتی رێککەوتبوون و بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی بڵاوکرایەوە، دەبوو لە مانگی 9 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت، بەڵام بەداخەوە برایانی یەکێتی پابەند نەبوون و هەموویان بەیەکەوە گرێدا، هەم پەرلەمان و هەمیش حکومەت، بۆیە پرۆسەکە دواخرا. لەبەرئەوە، "یەکێتی هۆکار بوو بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت و کابینەی دەیەمی حکومەت پێکنەهێنرێت".
پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، مەحموود محەممەد وردەکاری زیاتر باس دەکات و دەڵێ: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی شاندەکان، لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ رێککەوتنمان کردووە، لەوانە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، چۆنیەتیی کارکردنی ئەنجوومەنی وەزیران و کارنامەی حکومەت. گوتیشی، "ئەو بابەتانە لای ئێمە و ئەوان گرنگ بوون و نیگەرانییەکانی هەردوولا تاوەکو رادەیەکی زۆر لەسەر کاخەز دیاریکران و چارەسەر کران."
بە گوتەی مەحموود محەممەد، لە سەرەتادا یەکێتی گوتی: "بابەتی پۆست لای ئەوان گرنگ نییە، بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر پۆستەکان هەوڵیاندا ئەو قۆناخە دوابخەن، دیارە پێشبینیی ئەوەیان دەکرد ئێمە لە قۆناخەکانی پێشووتر لەگەڵیان رێکناکەوین، بەڵام کاتێک بینییان ئێمە لە هەموو قۆناخەکاندا نەرمیمان نواند بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەوێتە کار و کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت، لە کۆتاییدا پرۆسەکەیان دواخست، بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکەوتە کار و کابینەی حکومەت پێکنەهێندرا. لەبەرئەوە، هەڵوێستی یەکێتی ئەرێنی نەبوو."
دەشڵێت: "نیگەران نین لەوەی یەکێتی چی دەڵێن و چی دەکەن لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام نیگەرانین لەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەکان هەیە. خەڵکی کوردستان هەڵبژاردنیان کردووە و دەنگیان داوە، دەبوو ئەو کارانە بکرانایە. نیگەرانین لەوەی بۆ بابەتێکی بانگەشەی هەڵبژاردن، کابینەی حکومەت پێکنەهێنرێت. ئایا ئەمە دەستکەوتە؟ پێم وانییە دەستکەوت بێت. خەڵکی کوردستان دەبێت لەسەر ئەمە لێپرسینەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکات کە تەنیا بۆ ئەوەی بابەتێکی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هەبێت،بێت و پشت لە کابینە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات. ئەمە نە دەستکەوتە و نە خاڵێکی ئەرێنییە، بەڵکو خاڵێکی زۆر نەرێنییە و خەڵکی کوردستان لەمە تێدەگەن."
لەبارەی پەیوەندیی یەکێتی و پارتی دوای هەڵبژاردن، گوتەبێژی پارتی جەختی لەوە کردەوە: "ئەگەر تاوەکو ئەم چەند رۆژەی ماوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان واز لەم بابەتە بهێنێت و رێککەوتنێک بکرێت، دەکرێت دوای هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێت، "ئەوا بە دڵنیاییەوە دوای هەڵبژاردن گۆڕانکاریی زۆر روودەدات، ئەوەش دەمێنێتەوە سەر ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەکرێن و بژاردەی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبەردەست دەبن."
وا دەرناکەوێت پێش هەڵبژاردن کابینەی دەیەم پێکبێت،هەردوو حیزب لەنێو بانگەشەدان و دواتریش دەکەونە نێو ئەنجام و کورسییەکانیان لە پەرلەمانی عێراق، گوتەبێژی پارتی پێی وایە نابێت رێگەی دروستبوونی " کەلێن"بدرێت و دەڵێ :" ئەم هەرێمە نابێت بێ حکومەت و پەرلەمان بێت و دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە کەلێن تێی نەکەوێت، چونکە چەند بابەتەکە درێژە بکێشێت، کەلێنەکان زیاتر دەبن.
گوتیشی، "ئەوانەی ناحەزی فیدراڵییەت و هەرێمی کوردستانن و هەوڵی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن، هەوڵدەدەن دەستوەردان لەو بابەتە بکەن. هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ئەو هەموو ئاڵنگارییانەی دەوروبەر روودەدەن، پێویستیان بەوەیە ئامادە بین و نەهێڵین زیانێکی زۆر بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت. بۆیە پێویستە حکومەت و پەرلەمان هەبن، یاسا دەربچێت و چاودێریی حکومەت بکرێت."
مەحمود محەممەد، گلەیی لە لایەنەکانی دیکە دەکات و دەڵێت:" بەشێکی بەرپرسیارێتیی پێکنەهێنانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەت دەکەوێتە ئەستۆی لایەنەکانی دیکە، چونکە ئەوان هەر لە سەرەتاوە گوتیان بەشداریی حکومەت ناکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەڵوێستەی لایەنەکان وای لە یەکێتی کردووە وا بیر بکاتەوە بەبێ ئەو حکومەت پێکناهێنرێت، بەڵام دەکرێت دوای هەڵبژاردن گفتوگۆی پێویست لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت جێگرەوەی ئەم دۆخە چییە.
مەحمود محەممەد هەروەها دەڵێت: "قۆناخی پێش هەڵبژاردن جیاوازە لە قۆناخی دوای هەڵبژاردن. تێکەڵکردن و بەستنەوەی دۆسیەکانی هەولێر و بەغداش پێکەوە، هەڵەیەکی گەورەیە کە یەکێتی دەیکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ