بەربژێرێکی دەرچوو: لایەنە کوردییەکان پێکەوە نەچنە بەغدا شتی زۆر لەدەست دەدەن

30-11-2021
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 10 رۆژی دیکە ئەنجامی تانەکان لە هەڵبژاردن رادەگەیێندرێن. بەربژێرێکی دەرچوویش بۆ پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "درێژکردنەوەی ژماردنی دەنگەکان زیاتر بۆ رازیکردنی ئەو لایەنانەیە کە دۆڕان."
 
لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسی رادیۆی رووداودا کە هەریەکە لە د. فەرهاد عەلائەددین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق؛ د. شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێژی سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق؛ د. شوان عوسمان، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی؛ عارف قوربانی، رۆژنامەڤان و؛ ئاکۆ محەممەد، رۆژنامەڤان، تێیدا بەشدار بوون باس لە رەوشی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجامی تانەکان لە هەڵبژاردنەکە کرا.
 
بەپێی ئەو ئامێرانەی لە هەڵبژاردندا بەکارهێنران هەمووان هاوڕا بوون کە ئەنجامەکان زوو رادەگەیێنرێن و، وایش بوو کە لە 24 کاژێردا ئەنجامە بەراییەکان راگەیێندران. ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو دواکەوتنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە بوو. 
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "درێژکردنەوەی ماوەکە و خۆخەریککردنی کۆمیسیۆن بە ژماردنی دەنگەکانەوە زیاتر بۆ رازیکردنی ئەو لایەنانەیە کە دۆڕان و بە جۆرێک لە جۆرەکان دوای هەڵبژاردن ئەنجامەکەیان پێ قبووڵ نەکرا. ئەنجامی تانەکان لە بەرژەوەندیی ئەو بەرەیە گەڕاوەتەوە کە بە بەرەی ئێران بەناوبانگە. ئەگەر ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردندا دۆڕاون کورسییەکانیان زیاتر بووایە ئێستا دەمێک بوو ئەنجامەکە پەسند کرابوو."
 
د. شوان عوسمان، رۆژنامەڤان لە بەرنامەکەدا گوتی: "زۆر شت هەیە روون نییە. لەوانەیە بەشێک لە سەربەخۆ دەرچووەکان بشکێنرێنەوە و کورسییەکانیان بخرێنە سەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی. ئەنجامی هەڵبژاردن بۆیە دوا دەخرێت، چونکە سەنگی پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دەستی عێراقییەکاندا نییە. بۆیە دەبینین ئەو دوو لایەنەی شیعە لە ململانێدان و بەسەر ئێران و ئەمریکادا دابەش بوون. ئەگەر پرۆسە سیاسییەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، رەنگە دەست بۆ مەرجەعیەت ببرێت." 
 
عارف قوربانی، رۆژنامەڤانیش گوتی: "هۆکاری دواخستنی ئەنجامی هەڵبژاردن سیاسییە و پەیوەندیی بەوەوە نییە کە تانە زۆر بووە یان پێداچوونەوەی تانەکان پێویستی بە کاتی زۆر بووە. هۆکارە سیاسییەکەیش ئەوەیە کە رێی تێناچێت حکومەتێک لە عێراقدا بەبێ بەشداریی هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکبهێنرێت."
 
دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە کۆمیسیۆن کارەکانی تەواو کردووە و ئەنجامەکان بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەنێرێت و ئەوانیش 10 رۆژیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی کۆتایی پێبهێنن یان دووبارە داوای زانیاریی نوێ بکەنەوە.
 
بە گوێرەی قسەی سیاسی بێت هێشتا کات ماوە، چونکە لایەنە سیاسییەکان لە ناکۆکییەکی گەورەدان و نایانەوێت بەرەو پێشتر بڕوات، بەڵام لە لایەنی رێکارەکانەوە هیچ نەماوە و هەمووی کۆتایی هاتووە. 
 
ئیدی تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن و لەوێیشەوە بۆ پەسندکردن بۆ دادگەی فیدراڵی دەنێردرێن. رەنگە پەسندکردنەکە کەمێک دوا بکەوێت تاوەکو حیزبەکان گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام.
 
د. فەرهاد عەلائەددین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق گوتی: "گوشار هەیە کە هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە و چەند سکاڵایەک لە دادگەی فیدراڵی هەن لەبارەی ئەوەوەی کە هەڵبژاردن دەستووری نییە. بە راستی کەس بڕوا ناکات کە دادگەی فیدراڵی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە. ئەنجامەکان پەسند دەکرێن و دەبێت بڕۆن، بە تایبەتییش دوای ئەوەی پلاسخارتیش لە ئەنجوومەنی ئاسایش زۆر بە روونی هۆشداریی بە سیاسییەکانی عێراق دا کە پێویستە بەرەو پێشەوە بڕۆن، چونکە سەختییەکان زۆر گەورەن و ناکرێت ولات تووشی بۆشایی دەستووری ببێت و حکومەت دروست نەکرێت.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "ئەم ناکۆکییەی هەیە بەهۆی ئەوانەوەیە کە لە هەڵبژاردندا دۆڕاون. ئەگەر ژیر بن، دەبێت بەم ئەنجامە رازیبن، چونکە ئەگەر گرژییەکان زیاتر ببن ئەوان زیانمەند دەبن، چونکە کاتی خۆی خۆپێشاندانەکانی تشرین دژی گرووپە چەکدارەکان بوون کە ئەو لایەنانەن لە هەڵبژاردندا کورسیی کەمیان هێناوە. کەواتە بە جۆرێک لە جۆرەکان داخوازیی تشرینییەکان و ئەنجامی هەڵژاردن یەکی گرتووەتەوە."
 
ئەو بەربژێرە سەرکەوتوو ئاماژەی بەوە دا کە بەشێک لەو هێزانەی ئەنجامی هەڵبژاردن رەت دەکەنەوە بەپێی ماددەی 9ی دەستوور دەبێت خۆیان هەر نەبن. ئەوانە چەکدارن لە دەرەوەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت و حەشدی شەعبی. نزیکەی 10-12 هێزی چەکدار لە دەرەوەی حەشدی شەعبین کە ئەمەی دووەمیان یاسا بۆ دروستبوونی دەرچووە.
 
رەوتی سەدر کە بە بردنەوەی 73 کورسی لەسەر ئاستی عێراق یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت کە حکومەت پێکبهێنێت و ئەوان سەرۆکوەزیران دیاری بکەن.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵاش گوتی: "سەدر لەگەڵ ئەوەدایە کە هەندێک لە شیعەکان بێنە ناو حکومەتەوە. من لەو بڕوایەدام لە کۆتاییدا چەند وەزارەتێک بدرێت بەو لایەنانەی کە سەدر دەیەوێت. بە لای ئێمەوە گرنگە ئەوەی دەبێتە سەرۆکوەزیران چەندە بە دەستوورەوە پابەند دەبێت، چونکە بۆ کورد و پێکهاتەکانی دیکەیش لە دەستووردا کێشەمان نییە. ئەوەی کە بووەتە کێشە بۆ ئێمە و حکومەتی عێراق عەقڵیەتی حوکمڕانییە کە دەستوور پێشێل دەکات."
 
د. شوان عوسمان لەلایەکی دیکەوە وای دەبینێت کە "وا ئاسان نییە موقتەدا لەبەر ئەوەی زۆرینەی هەڵبژاردنی هەیە حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت. دەبێت واقیعی سیاسیی عێراق لەبەرچاو بگرین، پێما وانەبێت کە عێراق خاوەنی سەروەرییەکی رەهایە و هەڵبژاردن بۆ بردنەوە و پێکهێنانی حکومەت سەنگی مەحەکە. بوونی ئێران و ئەمریکا لە گۆڕەپانی عێراقدا زۆر لەو هاوکێشانە یەکلا دەکاتەوە. هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی عێراق پەیوەستە بەو گفتوگۆیانەی ڤیێنناوە کە لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بەڕێوە دەچێت."
 
عارف قوربانیش پێیوایە، کابینەی حکومەت بەبێ فەتح پێکنایەت. ئەگەر فەتح لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی جیا ببێتەوە، ئەو کاتە ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە لەگەڵ موقتەدادا یەکبگرن، چونکە هیچ لۆجیکێک ئەوە ناسەلمێنێت کە کابینەیەک پێکبهێنرێت بەبێ ئەوەی دۆستەکانی ئێران رۆڵی گەورەیان تێیدا هەبێت. فەتح بۆیە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی لە حکومەتدا رۆڵی گەورەی هەبێت.
 
د. فەرهاد عەلائەددینیش بڕوای وایە، دەکرێت حکومەتێکی بەهێز بێتە کایەوە بە تایبەتی ئەگەر دوو حیزبە کوردییەکە و سوننە و سەدر و لایەنەکانی دیکە یەکبگرن و ببنە کوتلەیەکی گەورە. دەکرێت کوتلەیەکی بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەندێک لایەنی چاکسازی بگرێتە خۆ و کاری گەورە بکات.
 
چاودێرانی کورد پێیانوایە دەبێت کورد بە یەکدەنگی بچنە بەغدا و داوای مافە دەستوورییەکانیان بکەن، ئەگەر وانەکەن و بە پەرتەوازەیی بچن سەنگیان قورس و دەنگیان بەهێز نابێت.
 
عارف قوربانی گوتی: "پارتی و یەکێتی هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە و دەبێت رێکبکەون و بگەنە ئەنجام و لە بەغدا یەکهەڵوێست بن. هەر بژارەیەکی دیکە زیانی بۆ کورد دەبێت."
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، پارتی و یەکێتی و هێزەکانی دیکە ئەگەر پێکەوە نەچنە بەغدا دەستکەوتیان نابێت و زۆر شتیش لە دەست دەدەن. باشترین دۆخی کورد لە خولی سێیەمدا بوو، چونکە کورد پێکەوە چوونە دانوستاندنەکانەوە و شایستەی خۆی وەرگرت. خراپترین دۆخی کوردیش لە خولی چوارەمدا بوو، لەبەر ئەوەی پێکەوە وەک کورد نەچوونە دانوستاندنەوە و دەستکەوتەکان بەو جۆرە نەبوون. ئەو پێیوایە ئەم جارە ژینگەکە ئەوەندە لەبارە کە یەکێتی و پارتی پێکەوە بچنە بەغدا. 
 
عێراق وەک وڵاتێک کە بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیی تێدایە، بە تایبەتی ئێران و ئەمریکا، چاوەڕێ دەکرێت لە پێکهێنانی حکومەتەکەیدا کاریگەرییان هەبێت.
 
عارف قوربانی گوتی: "پێم وانییە وڵاتانی ئەوروپا جگە لە بەریتانیا هیچ رۆڵێکی ئەوتۆیان لە عێراقدا هەبێت بەو ئەندازەیەی کە بتوانن رۆڵی کارا لە پێکهێنانی حکومەتدا بگێڕن. ئەوەی رۆڵی هەرە سەرەکیی هەیە ئێرانە و لە دوای ئەوانیش ئەمریکا و بەریتانیا."
 
باس لەوە دەکرێت کە باشترە ئەم جارە کورد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پشتیوانی لە رەوتی سەدر بکات. لەلایەکی دیکەیشەوە کەسانێک هەن کە ئەو بۆچوونە پەسند ناکەن و پێیانوایە سەدر هەڵوێستی سیاسیی جێگیر نییە کە ئەوەیش زیان بە کورد دەگەیێنێت.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "ئەوەی تا ئێستا لەبارەی سەدرەوە باشە ئەوەیە کە پابەندی دەستوورە. هیچکاتێکیش سەدرییەکان دژی ماددەی 140ـی دەستوور نەبوون. ئەوان پێیانوایە دەبێت ئەو دەوڵەتەی ئەوان رێز لە دەستوور بگرێت کە ئێمەیش داوای ئەمە دەکەین. کورد داوای شتێکی نەکردووە کە لە دەرەوەی دەستوور بێت."
 
د. شوان عوسمان پێیوابوو، سەدر هەڵسوکەوتکردن و سیاسەتکردن لەگەڵیدا قورسە، چونکە کەسێکی جێگیر نییە کە بە کۆمەڵێک بنەماوە پابەند بێت و وەک رێبازێک هەیبن. هێشتا حکومەتی پێکنەهێناوە سەرۆکایەتیی حکومەتی بە دەستەوە نییە، دەڵێت پێشمەرگە میلیشیایە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە، هەر بەو جۆرەی لەگەڵ ئەوەیە بەشێک لە حەشدیش هەڵبوەشێتەوە. 
 
د. شوان گوتی: "ئەگەر وا بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی کورد بگوترێت کە لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا وا دەکات کە هەڵسوکەتکردن لەگەڵ سەدردا جۆرێک بێت لە سەرکێشییەکی قورس."
 
بەڵام فەرهاد عەلائەددین پێیوایە هەڵەتێگەیشتنێکی سەیر لەبارەی هەڵوێستەکانی سەدرەوە هەیە. ئەگەر سەیری هەڵوێستەکانی سەدر بکەیت، ئەو هەڵوێستەکانی "زۆر جێگیرن." لە زۆربەی کاتە گرنگەکاندا پشتگیریی کوردی کردووە. 
 
د. فەرهاد گوتی: "سەدر لە هەڵوێستە سیاسییەکانیدا دووڕوویی نییە، کاتێک لەگەڵی رێکدەکەوێت، لەسەری بەردەوام دەبێت و لێی پەشیمان نابێتەوە. کاتێک داوای کرد نووری مالیکی متمانەی لێوەربگیردرێتەوە، هەمووان دەیانگوت کە پەشیمان دەبێتەوە، بەڵام ئەو تا دوایین خولەک لەسەر داواکەی سوور بوو."
 
بە بۆچوونی د. فەرها، کورد ئەگەر لەگەڵ موقتەدادا رێکبکەوێت سەنگێکی زۆر گەورەی دەبێت. کورد لایەنەکانی دیکەی تاقی کردووەتەوە و لەو تاقیکردنەوەیەدا بە شێوەیەکی باش دەرنەچووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی رێگەی هامڵتۆن

بەرگریی شارستانیی سۆران: ئەگەر زۆر پێویست نەبوو رێگەی گەلیی عەلی بەگ و هامڵتۆن بەکارمەهێنن

پێشبینی دەکرێت لە سبەیەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستان بگرێتەوە. بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، پێوستە هاووڵاتییان لەو رێگەیانەی مەترسیی داڕمان و لافاویان لەسەرە دووربکەونەوە و ئەگەر زۆر پێویست نەبوو رێگەی گەلیی عەلی بەگ و هامڵتۆن بەکارنەهێنن.