رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، چیدیکە هیچ هەنگاوێکی دیکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا نانێن و لە ئێستا بەدواوە چاوەڕێی تورکیا دەکەن هەنگاوی کرداری بنێت، کە لە پێش هەموویانەوە "ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ" و "دانپێدانانی دەستووری بە گەلی کورد" دێت. ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە پرۆسەکە بەرەوپێش دەچێت، بەڵام هۆشداری لە هەوڵی تێکدانی دەدەن.
رۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025 ئامەد مەلازگرت، فەرماندەی باڵای پەکەکە، لە قەندیلەوە رایگەیاند: "هەموو ئەو هەنگاوانەی رێبەر ئاپۆ دەستپێشخەریی بۆ کردن، جێبەجێ کراون... هیچ رێوشوێنێکی دیکە ناگیرێتە بەر." گوتیشی: "لە ئێستا بەدواوە، چاوەڕێی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و دەبێت ئەوان بن کە هەنگاو دەنێن."
مەلازگرت دوو داواکاریی سەرەکیی خستەڕوو: "یەکەم، ئازادیی رێبەر ئاپۆ، بەبێ ئەمە، پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت. دووەم، دانپێدانانی دەستووری و فەرمی بە گەلی کورد لە تورکیا."
هاوکات، سەلدا مەزڵوم گابار، فەرماندەیەکی دیکەی باڵای ژن گوتی: "تاوەکو رێبەر [ئۆجەلان] لە زینداندا بێت، گەلی کورد ناتوانێت ئازاد بێت. ئێمەش، وەک گەریلا، ناتوانین هەست بە ئازادی بکەین. رێگەی ئێمە بۆ ئازادی بە ئازادیی رێبەرایەتیماندا تێدەپەڕێت."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ساڵی 1999ـەوە لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانیکراوە و حوکمی تاهەتایی بۆ دەرکراوە.
گەشبینی و هۆشداری لە ئەنقەرە
لە بەرامبەردا، تورکیا گەشبینیی خۆی بە پرۆسەکە نیشان دەدات، بەڵام هۆشداریش دەدات. محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "پرۆسەی گواستنەوە بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر هەنگاو بە هەنگاو لە ئامانج نزیک دەبێتەوە؛ بەڵام تێکدانی فیکریش بەردەوامە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە رایگەیاند: "ئێمە زۆر باش دەزانین هەوڵەکانمان بۆ تێکدانی پیلانێکی نیو سەدەیی، چ هێزێک نیگەران دەکات. بەڵام پێیان دەڵێم: ئەمجارە سەرکەوتوو نابن."
پرۆسەی ئاشتی بە کوێ گەیشتووە؟
زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە. لە چەند مانگی رابردوودا چەندین پێشهاتی گرنگ روویانداوە:
ئاداری 2025: پەکەکە بڕیاری چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند، ئەمە دوای بانگەوازی ئۆجەلان.
تەممووزی 2025: ژمارەیەک گەریلا وەک هەنگاوێکی سیمبولی لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
تشرینی یەکەمی 2025: سەرکردایەتیی پەکەکە کشانەوەی سەرجەم چەکدارەکانی لە تورکیا راگەیاند.
24ـی تشرینی دووەم: شاندێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا، کە نوێنەری ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی تێدابوو، سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەم، کۆمیسیۆنەکە کۆببێتەوە و ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بخاتەڕوو.
تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاشکرای کرد کە "کار لەسەر یاسایەکی تایبەت دەکرێت بۆ دووبارە تێکەڵبوونەوەیەکی دیموکراسییانەی ئەندامانی پەکەکە" و گوتی "هاوکێشەکە گشتگیر دەبێت."
لەلایەکی دیکە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، هەر هەنگاوێکی یاسایی دوای دڵنیابوونەوە دێت لە "تەواوبوونی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی پەکەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ