دوای 70 ساڵ دیاریی بوکێنی بووەوە فریادڕەسی "دایە حەیات"

30-11-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
فانۆسەکە دیاریی بوکێنی بووە و دوای 70 ساڵ بووەوە فریادڕەسی
فانۆسەکە دیاریی بوکێنی بووە و دوای 70 ساڵ بووەوە فریادڕەسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فانۆسە 70 ساڵییەکەی دایە حەیات، کە ساڵانێک بوو لە سووچێکی ماڵەکەیدا خامۆش بوو، جارێکی دیکە بووەوە بە فریادڕەس و شەوانی تاریکیی بێ کارەبایی بۆ رووناک کردنەوە.
 
ئەم خانمە تەمەن 86 ساڵەیە، فانۆسەکەی وەک یادگاریی بووکێنیی هاوژینەکەی بە دڵ و گیان پاراستووە. ئێستا هەر کاتێک کارەبا دەبڕێت، یەکسەر بە میقدادی کوڕی دەڵێت: "بڕۆ فانۆسەکە دەربێنە و با ئیشی پێ بکەین."
 
حەیات محەممەد، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "هەر کات کارەبا نەبووە، ئێمە فانۆسمان پێکردووە. بنەکەی رزی بوو، بۆیە بنەکەمان لێکردەوە و بۆمان گۆڕی، لەبەر شووشەکەی فڕیمان نەدا، چونکە شووشەکەی نەدەشکا. چی لێبکەین، ژیان ئاوایە.. ئەو فانۆسە کەو و کۆسپی زۆری بینیوە و هەموو ناوچەکانی کردووە. دەیانگوت پیرەژن چۆن ئەو فانۆسەی ماوە؟ دەمگوت ئەی خۆ بە ئەرزیدا نادەم، شتەکانی خۆمم خۆشدەوێت و هەر شتێکی ماڵەکەم بێت خۆشم دەوێت. ئێستاش کابرایەک پێویستی پێبێت، دەیدەمێ با بیبات و ئیشی پێبکات."
 
میقداد عەبدوڵڵا، کوڕی دایە حەیاتە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هەرکاتێک کارەبا نەبێت، دەیهێنین و کاری پێدەکەین. خۆت دەزانی لەو دوو سێ رۆژەدا کارەبا باش نەبوو، گوتم دایە چی بکەین؟، گوتی لە فڵانە شوێنە بیهێنە."
 
شەوی چوارشەممە 26ـی ئەم مانگە، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە و تەنیا 5 کاژێر کارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتییان دەدرا.
 
کەمبوونەوەی کارەبا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کاسبکاران دروستکرد، بەجۆرێک ناچاربوون بە دەنگی بەرز و دووکەڵی موەلیدە بچووکەکان کارەکانیان رایی بکەن.
 
فەیسەڵ جەوهەر، خاوەن کافتریایە و دەڵێت، "ئەو موەلیدەم تەرتیب کردووە، بۆنی موەلیدە دێتە سەرەوە و هەر گڕەگڕەکەی مێشکی سەری بردین. بەقورعان خاوەن دووکان دەڵێت وەرە بیکوژێنەوە، ئاخر سوێند بەخوا نایکوژێنمەوە ئەگەر بخنکێیش، نایکوژێنمەوە.. ئاخر چی بکوژێنمەوە؟ ئەگەر بیکوژێنمەوە ئەوە کاروکاسبییەکەم رۆیشت. کاکە کارەبا تێکچووە، سەر هەردوو چاوم، با یەک هەفتە تێکبچێت، با یەک هەفتە یان مانگێک موەلیدە پێبکات."
 
نەسرەت زەنگەنە، خاوەن موەلیدەیە و دەڵێت، "هیچ ئاگادارییەک یان شتێک نەهاتووە تاوەکو موەلیدەکان کار پێبکەین، ئێمەش ناتوانین لەخۆمانەوە کار بکەین، چونکە لەژێر یاساین. لیژنەی قایمقامییەت هەیە و لەوێ ئەنجوومەنی موەلیدەکان هەیە، کۆبوونەوە دەکرێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، لەوێ ئاگادارمان دەکەنەوە هەرکاتێک کاری پێبکەین یان هەرکاتێک رایبگرین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەست بە گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کراوە و وێستگەکانی کارەبا بەگەڕدەخرێنەوە. وەزارەتەکە دەڵێت: "ئێستا دۆخی کارەبا روو لە باشبوونە و لە 24 کاژێردا دۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە