رێگاوبانی هەولێر: 35٪ـی کارەکانی دووسایدی هەولێر - کۆیە تەواو بووە

30-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێگاوبانی هەولێر رایگەیاند، 35٪ـی کارەکانی دووسایدی هەولێر - کۆیە تەواو بووە. راشیگەیاند: "درێژییەکەی لە 37 کیلۆمەترەوە بۆ 45 کیلۆمەتر زیاد کراوە".
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەندازیار هەڵگورد وەلید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێگاوبانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە چڕ کراوەتەوە، دەستمان بە قیڕکردن کردووە، 3 کیلۆمەتری سەرەتا قیر کراوە و بەردەوامیشە".
 
درێژیی رێگەکە 37 کیلۆمەتر بوو. ئەندازیار هەڵگورد وەلید، گوتی: "8 کیلۆمەتریان بۆ رێگەکە زیاد کردووە و ئێستا بووەتە 45 کیلۆمەتر و تاوەکو بازگەی تۆپزاوا لە کۆیە دەچێت".
 
ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە سێ ساڵە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێگاوبانی هەولێر گوتی: "کارەکان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و پێشبینی دەکەین پێش وادەی دیاریکراو دووسایدی کۆیە - هەولێر تەواو بکرێت".
 
گوژمەی پڕۆژەکە زیاتر لە 600 ملیار دینارە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێگاوبانی هەولێر باسی لەوەش کرد: "کارکردن لە هەموو بڕگەکانی بڕین، پڕکردنەوە و قیرکردنیش زۆر بە چڕی بەردەوامە".
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "قیڕکردنی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە بەچڕی بەردەوامە، ئەو رێگەیە بە شادەماری رێگاکانی کوردستان دادەندرێت، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی رێگاوبانی کوردستانە و بەشێکە لە تۆڕی شادەماری رێگاوبانی کوردستان و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، لە هەولێریشەوە بەرەو پارێزگای دهۆک".
 
سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کار لە رێگەی هەولێر و کۆیەدا دەکەن، ژمارەی کارمەند و کرێکارەکانیان دەگاتە 1500 کەس.
 
رۆژی 10-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند: "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری دەگەیێنینە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی".
 
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە نووری عوسمان دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.