لە سێ رۆژدا 50 هەزار گەشتیاری زستانە سەردانی هەولێریان کردووە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا دەیان هەزار گەشتیار گەیشتوونەتە شارە جیاوازەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش "ئامادەکاریی تەواویان" کردووە بۆ پێشوازیکردن لێیان.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو بە باشترین شێواز و بە شێوەیەکی شارستانی پێشوازی لە گەشتیاران بکەین، ئامارەکان زۆر دڵخۆشکەرن و ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روویان لە کوردستان کردووە."
 
نزیکەی 50 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە  تاوەکو 01ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 3 ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە. گوتیشی: "تاوەکو دوێنێ 47 هەزار گەشتیار تەنیا لە ماوەی دوو سێ رۆژدا بۆ سەری ساڵ هاتبوون."
 
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە رووداوی گوت "لە ماوەی سێ رۆژدا (26 و 27 و 28ی مانگ) نزیکەی 50 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە."
 
لە سنووری هەولێر، ژێرخانێکی فراوانی گەشتیاری هەیە کە پێکهاتووە لە 1611 شوێنی مۆڵەتپێدراو، لەوانە 445 هۆتێل و مۆتێل و 47 گوندی گەشتیاری.
 
سلێمانی؛ گەشتیاریی وەرزی و نرخی جێگیر
 
لە پارێزگای سلێمانی، کەرتەکە ئامادەکاریی تەواوی بۆ گەشتیارانی زستانە کردووە. مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە رووداوی راگەیاند: "گەشتیارەکان وەرزیین، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر باریوە و گرووپە گەشتیارییەکان روومان تێدەکەن. هەموو بنکە گەشتیارییەکان ئامادەکاریی زۆر باشیان کردووە، نرخەکان جێگیرن و گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە."
 
پارێزگای سلێمانی خاوەنی 380 هۆتێلی گەشتیاری و 50 هۆتێلی میللییە، لەگەڵ 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە کە ئامادەن بۆ میوانداری.
 
دهۆک و هەڵەبجە؛ بەفر و ئاستەنگییەکانی هاتووچۆ
 
لە دهۆک، بەهۆی بەفربارینەوە تیمەکان لە ئامادەییدان. بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "لە 20ـی مانگەوە تاوەکو دوێنێ نزیکەی 30 هەزار گەشتیار هاتوونەتە پارێزگاکە". پێشبینی دەکەین بەهۆی بەفربارینەوە ژمارەکە زۆر زیاد بکات." قایمقامی دهۆک داواشی لە هاووڵاتییان کرد بەهۆی سەختیی رێگاکانەوە لەم دوو رۆژەدا تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەیەنە دەرەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک، لەو پارێزگایە نزیکەی 900 شوێنی گەشتیاری مۆڵەتیان هەیە.
 
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "لە سێ رۆژی رابردوودا نزیکەی 20 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە. تیمەکانمان بەردەوام خەریکی راماڵینی بەفرن تاوەکو ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ گەشتیاران دروست نەبێت."
 
لە هەرێمی کوردستان بە گشتی نزیکەی 2500 ناوچە و شوێنی گەشتیاری تۆمارکراون. بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی 2023 زیاتر لە 7 ملیۆن و 279 هەزار گەشتیاری دەرەکی و 2.5 ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی تۆمارکراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە