ئەندامانی جەستەی منداڵێک لە بۆکان دەبەخشرێنە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی جەستەی کچێکی تەمەن 11 ساڵ کە مێشکی لەکارکەوتبوو، بە رەزامەندیی کەسوکارەکەی بەخشرانە چەند کەسێک.
 
ئەمڕۆ شەممە، 31ی کانوونی دووەمی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری بۆکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەندامانی جەستەی دیانا ئیسماعیلی، تەمەن 11 ساڵ، دانیشتووی بۆکان، کە تووشی ئیفلیجیی مێشک ببوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە چەند نەخۆشێک کە پێویستیان بە چاندنی گورچیلە، دڵ و جگەر بوو."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "دیانا بەهۆی نەخۆشیی مێشکەوە تووشی ئیفلیجیی مێشک ببوو."
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، دوێنێ هەینی بەرپرسانی شارەکە بۆ رێزگرتن لە بڕیاری خێزانەکەی دیانا لەگەڵیان کۆبوونەوە.
 
ئەوانەی تووشی ئیفلیجیی مێشک دەبن، دەتوانرێ بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان ببەخشرێتە کەسانی دیکە کە پێویستیانە، لەوانە دڵ، ئێسک، سییەکان، جگەر، ریخۆڵە، گورچیلە و پەنکریاس.
 
ئێستا 25 هەزار نەخۆش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نۆرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستەی بەخشەرەکان، لە کاتێکدا بە گوێرەی ئاماری تەندروستیی ئێران، ساڵانە تەنیا 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە