رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی ئازادبوونی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لە زیندان لە شاری سلێمانی بڵاوبووەتەوە. بەڵام پارێزەرەکانیان لە رێگەی رووداوەوە هەواڵەکە رەتدەکەنەوە.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، شەوی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هەواڵەی گوایە ئازاد کراون دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە".
هەروەها بوورهان رەشید گوڵە، یەکێکی دیکە لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار بە رووداوی گوت: "هەواڵی ئازادکردنەکە هیچ بنەمایەکی نییە و 100% درۆیە".
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە کاتی جیاوازدا ئازاد کراون. لەوانە 7 کەس لە 03ـی مانگی 2ـی ئەم ساڵ ئازاد کران، پێش ئەوان لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کرابوون.
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازی نەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ