رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە لە شاری هەولێر، لە رێوڕەسمێکی تایبەت و دەگمەندا بۆ یەکەمین جار چاپێکی تایبەت بە عێراق لە پەرتووکێکی جیهانیی بازاڕگەریی سەردەم بڵاودەکرێتەوە، کە لە ژێر سەرپەرشتیی پرۆفیسۆری ئەمریکی فلیپ کۆتلەر ئامادەکراوە و تێیدا تۆڕی میدیایی رووداو وەک نموونەیەکی کۆمپانیا سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق باسکراوە.
دامەزراوەی کۆتلەر ئیمپاکت و ستراتیجیک ئاڵایز لە رێوڕەسمێکدا پەرتووکی "بنەماکانی بازاڕگەریی سەردەم" بڵاودەکەنەوە، کە یەکەمجارە لە عێراقدا دەخرێتە بەردەستی خوێنەران و نێوەڕۆکەکەی تایبەتە بە بازاڕی باشووری کوردستان و عێراق.
لە هەمان بۆنەدا، خەڵاتی نێودەوڵەتیی کۆتلەر دابەش دەکرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی بۆنەکەیە.
پەرتووکی "بنەماکانی بازاڕگەریی سەردەم – چاپی عێراق" چیرۆکی سەرکەوتنی کۆمەڵێک کۆمپانیا و براندی باشووری کوردستان و عێراق لەخۆدەگرێت.
ئەم پەرتووکە چاپێکی نوێی زنجیرەیەکە کە لەژێر چاودێریی فیلیپ کۆتلەر، گەورە شارەزای بازاڕگەریی سەردەم بڵاودەکرێتەوە. گرنگیی ئەم بەرهەمە لەوەدایە کە زانستی بازاڕگەری بە شێوازی تیۆری و کرداری باس دەکات، ئەمەش لە رێگەی گێڕانەوەی چیرۆک و نموونەی کۆمپانیا و دەزگە سەرکەوتووەکانەوە.
وەشانی ئەم ساڵی کتێبەکە لەلایەن سادیا کیبریا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لووتکەی بازاڕگەریی جیهانییەوە نووسراوە؛ هەروەها گەنجێکی کورد بە ناوی زانیار جەبار کە پسپۆڕی بواری بازاڕگەرییە، بەشداری لە نووسینیدا کردووە، کە ئەمە یەکەمجارە کوردێک بەشداری لە نووسینی پەرتووکەکەدا بکات.
دابەشکردنی خەڵاتی کۆتلەر
خەڵاتی کۆتلەر، خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە لە بوارەکانی بازاڕ، بازرگانی و داهێنان و بەو کەس و کۆمپانیایانە دەدرێت کە خاوەنی بیرۆکەی جیاوازن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە و ئابووریی وڵاتەکەیان هەیە.
ئەمە یەکەمجارە خەڵاتی کۆتلەر لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیا و دەزگادا دابەشبکرێت.
لەم بۆنەیەدا، تۆڕی میدیایی رووداو وەک تاکە دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، چیرۆکی سەرکەوتنی لەم پەرتووکەدا تۆمارکراوە و نووسراوەتەوە.
زانیار جەبار، کە هاوکات مامۆستای زانکۆ و تاکە هاوبەشی کۆتلەر ئیمپاکتە لە عێراق و دامەزرێنەری ستراتیجیک ئاڵایزە، بە رووداوی گوت: "یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا پڕۆژە و بۆنەیەکی لەم جۆرە رێکدەخرێت. ئەم پەرتووکە لە 30 وڵاتی جیهان بڵاوکراوەتەوە و یەکەمجارە دەهێندرێتە عێراق."
زانیار جەبار ئاماژەی بەوە کرد: "پەرتووکەکە لەبارەی بازرگانی و بازاڕگەرییە و پڕۆگرامێکی گرنگیشە بۆ کۆمپانیا، خاوەنکار، خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆ، چونکە دەتوانێت یارمەتیدەری هەموو ئەو کەسانە بێت کە دەیانەوێت لەو بوارانەدا شارەزا بن."
زانیار جەبار ئاماژەی بەوەشکرد: "چیرۆکی سەرکەوتوویی تۆڕی میدیایی رووداو لە چوارچێوەی چیرۆکی 17 کۆمپانیا لە عێراقی لە کتێبەکەدا باسکراوە؛" گوتیشی: "کتێبەکە سێ هاونووسەری هەیە، یەکێک لەوانە منم و تاکە کوردم کە هاونووسەری کتێبێکی لەوشێوەیەم، کە کتێبێکی گەورەی جیهانییە لەو بوارەدا."
پرۆفیسۆر کۆتلەر بە پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو لە بۆنەکەدا بەشدار دەبێت.
کۆتلەر کێیە؟
- هاووڵاتییەکی ئەمریکییە
- تەمەنی 94 ساڵە
- نووسەر، راوێژکار و پرۆفیسۆری بواری بازاڕگەرییە
- 90 پەرتووکی نووسیوە
- زیاتر لە 50 ساڵ مامۆستای زانکۆ بووە لە بواری بازاڕگەریی نێودەوڵەتی
- وەک راوێژکار لەگەڵ ئای بی ئێم، جێنڕاڵ ئیلیکتریک، AT&T، بانک ئۆڤ ئەمێریکا، مێرک، مۆترۆلا، فۆرد و چەندین کۆمپانیای دیکە کاری کردووە
- لە ئیتاڵیا، سوێد، چین، ژاپۆن، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئوسترالیا، مەکسیک، بەرازیل، چیلی و چەندین وڵاتی دیکە وانەی گوتووەتەوە
- پەرتووکەکەی بە ناوی "کاڕێگڕیی بازاڕگەری" وەک بەرنامەی فێربوونی بازاڕگەری لە سەرانسەری جیهان بە بەرفراوانی بەکاردەهێندرێت
- لە سەرانسەری جیهان وەک "باوکی بازاڕگەریی سەردەم" دەناسرێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ