پارت و لایەنە سیاسییەکانی کۆبوونەوەی پیرمام: بڕیاری وەزارەتی دارایی سیاسییە و دژی گەلی کوردە

31-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی نەناردنی مووچە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، لە پیرمام لە کۆتاییهات.
 
راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سسیاسییەکانی کوردستان لە پیرمام بڵاوکرایەوە کە 43 لایەن تێیدا بەشدار بوون. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین چارەسەر دەزانین بۆ ئەم قۆناخە." 
 
مەجید محەممەد ئەمین، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان زۆر ئەرێنی بوو، پێشبینی دەکرێت لە سێ رۆژی داهاتوودا کێشەی مووچەی مانگی پێنج چارەسەر بکرێت."
 
بە گوتەی مەجید محەممەد ئەمین، "لە کۆبوونەوەکەدا باسی کشانەوە لە بەغدا نەکرا، چونکە کشانەوە لە بەغدا کێشەکە چارەسەر ناکات. داومان کردووە رۆژی دووشەممە دووەمین کۆبوونەوەی لایەنەکان بکرێت."
 
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە پێمان وایە بڕینی مووچە بڕیارێکی سیاسییە، هەرچەندە بەغدا لەسەر هەندێک شت لەسەر حەقە و لە هەندێکی ناحەقە، تێکەڵ کردنی مووچە بە بابەتی سیاسی ناحەقییە و ئەوەی داوای دەکات بۆ تەوتین کردنی مووچەی مووچەخۆران، ئەوە رەوایە و ئەگەر تەوتین بکرایە ئەم بیانووەی بەغدا نەدەبوو، بۆیە داواکارین هەژماری من بخرێتە چوارچێوەی تەوتینەوە."
 
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "بۆ ئەو ئاڵنگارییە داراییەی هاتووەتە پێش هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری وەستانی مووچەی هەرێمی کوردستانی داوە کۆبوونەوەی بەشێکی لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو؛ ئێمە بۆ گەیاندنی خەمی گیرفانی خەڵک بەشداریمان کردووە".
 
دلێر عەبدولخالق گوتی: "نەخشەرێگەی بزووتنەوەی گۆڕانمان خستە بەردەستی لایەنەکان کە چەند خاڵێکیان تێدایە، لەوانە؛ پێویستە دامەزراوە نیشتمانییەکان، پەرلەمان کارا بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کارابکرێت؛ بەخێرایی [کابینەی نوێی] حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت. دامەزراوە بەرپرسەکان وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان بەرپرسیاربن لە دانووستانێکی جیدی لەگەڵ حکومەتی عێراق نەوەکو حیزبەکان".
 
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای بانگهێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەویش دوای بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ راگرتنی پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان دێت.
 
جگە لە پارتی، شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پێکهاتە جیاوازەکان، زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
 
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هاتووە، "دواى گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوەى پێویست لەسەر ئەم بابەتە، هەموو لایەنەکان هاوڕابووین لەوەى کە ئەم بڕیارە بڕیارێکى سیاسییە دژ بە ئیرادەى گەلى کوردستان و قەوارەى سیاسى و یاسایى هەرێمى کوردستان."
 
ئاماژە بەوەش کراوە، "بەپێى دەستوورى هەمیشەیى عێراق، بڕیارى دادگەى فیدراڵی، یاساى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى عێراق و رێککەوتنەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ، پێویستە حکومەتى فیدراڵى پابەندبێت بەئەرک و ئیلتیزاماتى خۆى بەرامبەر بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و مافى مووچەخۆران تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت."
 
حیزبە کوردستانییەکان داواش دەکەن، "حکومەتى فیدراڵ دووربکەوێتەوە لە سیاسەتى برسیکردن و فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەم سیاسەتە جگە لە قوڵکردنەوەى گرفتەکان، نادیدەگرتنى گۆڕانکارییە زۆر و خێراکانى ناوچەکەشە بۆیە لەبەرژەوەندى هیچ لایەکدا نابێت."
 
دەشڵێن، "ئێمە وەکو هێز و لایەنە سیاسییەکانى گشت پێکهاتەکانى کوردستان وێڕاى سوپاس و پێزانینمان بۆ خۆڕاگرى مووچەخۆران، فەرمانبەر، پێشمەرگە،  مامۆستایان و گەلى سەربەرزى کوردستان بەگشتى، دووپاتى دەکەینەوە کە هەڵوێست و بڕیار و هەنگاوەکانمان بە ئاراستەى بەرژەوەندى هاووڵاتیان و هەرێمى کوردستان دەبێت و بژاردەى گفتوگۆ و دانوستاندن بە بە باشترین ڕێگە چارە دەزاین بۆ ئەم قۆناغە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان."
 
هەر ئەمڕۆ، رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە رووداوی گوت، "لە 48 کاژێری داهاتوودا هادی عامری وەکو نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە."
 
رەحیم عەبوودی گوتیشی، "سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، بەڵێنی دا ئەگەر کۆبوونەوەکە ئەنجامی هەبێت و حکومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا پابەندبوونی خۆی رابگەیێنێت کە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەست بکات و بابەتی تەوتین چارەسەر بکات، ئەوا پێش جەژن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز بنێرێت."
 
رۆژی 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە". 
 
هەر ئەمڕۆ لەسەر ئەو پرسە؛ پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، لە ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین چارەسەر دەزانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.