رووداو دیجیتاڵ
داربەڕوویێکی دەگمەن بە ناوی مەکرانسێرا لە هەرێمی کوردستان مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە و تەنها 10 دانەی ماوە، دوای ئەوەی لە پاییزی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو دۆکیومێنتەریێکی لەسەر دەگمەنیی ئەو دارە پەخشکرد، ئێستا چالاکڤانان هەوڵی پاراستنی دەدەن و دەوریشی تێلبەند دەکەن.
چالاکانی بواری ژینگە لە خەمی لەنێوچوونی ئەو جۆرە داربەڕووە دەگمەنە کە لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە چیای حەسەن بەگ ماون، کۆبوونەوە و دەوری دارەکانیان تێلبەند کرد و تابلۆی هۆشیارکردنەوەیان لێدان.
د. سامان عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی رووەکی کوردستان دەڵێ بۆ پارێزگاریکردن لە داری مەکرانسێرا "دەمانەوێت دوو، سێ کار بکەین؛ یەکەم تێلبەندکردنی چەند دارێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی بتوانین تۆومان دەستبکەوێت، تۆوی بەڕوو بۆ ئەوەی بیڕووێنینەوە و زیادی بکەین، هەروەها تابلۆی ئاگادارکردنەوە لەسەر دارەکان دادەنێین بۆ ئەوەی بە خەڵکی ناوچەکە بڵێین ئەم جۆرە لە دار بەڕوو، دەگمەنە، تکایە مەیبڕنەوە با لەناونەچێ."
تۆڕی میدیایی رووداو پاییزی رابردوو دۆکیومێنتەرییەکی لەبارەی دەگمەنی ئەو جۆرە داربەڕووە خستەڕوو و، ئێستا چالاکوانان دەیانەوێت رێگری لەو مەترسییانە بکەن کە لە دۆکیومێنتەرییەکەدا ئاماژەیان پێدراوە.
لەگەڵ تێلبەندکردنی دەوروبەری داربەڕووەکان، تابلۆی ئاگادارکردنەوەش بە دارەکانەوە هەڵواسران، پارێزگاریکردن لە بڕینییشیان خرایە ئەستۆی حکومەتەوە.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان دەڵێ "جگە لە تێلبەندکردن، چاودێریی تەواومان دەبێت بۆ پاراستنیان، بەتایبەتی لە رێگەی پۆلیسی ژینگە و هەر لەمڕۆ بەدواوە مەفرەزەی بەردەواممان دەبێت بۆ پاراستنیان، چونکە ئەمانە سامانێکی نیشتیمانین و دەبێت بپارێزرێن."
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران باسی لەوە کرد "دارستانەکانی هەرێمی کوردستان 90٪ـیان داربەڕوون و دەمانەوێت پارێزگارییان لێ بکەین، جگە لەوە ئێمە پەیامێکی گشتگیری هۆشیاریشمان هەیە، کە بتوانین پەیامەکە لە ناوچە دوورەدەستەکاندا بە رەوەند و جووتیاران و مامۆستایانی ئایینی بگەیێنین."
لە کوردستاندا پێنج جۆری داربەڕوو هەن و، رێژەی 90٪ـی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
جۆری (مەکرانسێرا یان قەوقازی، شادار)، جگە لە مەترسی مرۆڤکرد، مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواشەوە.
دۆکیومێنتەرییەکەی رووداو کە تێیدا باسی ئەوجۆرە داربەڕووە دەکرێت:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ