رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت؛ 465 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
محەممەد رەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەمموزی 2025، رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 465 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە، پێشبینی دەکرێت 500 بۆ 550 هەزار تۆمن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت.
محەممەد رەزا ئەسغەری گوتی: "بەهۆی بارودۆخی وشکەساڵی و هۆکارە سرووشتییەکانی دیکە کە لە پارێزگاکە روویانداوە، بەرهەمهێنان و کڕینی گەنم بە رێژەی 10٪ کەمی کردووە."
محەممەد رەزا ئەسغەری ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە 42 ناوەندی هاوکاریی گوندنشینان و 30 ناوەندی وەرگرتنی دانەوێڵە لە پارێزگاکە گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووە و وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
ئەم ساڵ لە رووبەری 408 هەزار و 200 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ورمێ گەنم چێندراوە.
لە ساڵەکانی 2023 و 2024 پارێزگای ورمێ بە پلەی پێنجەمی ئێران هاتووە لە بەرهەمهێنانی گەنم.
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە، ئەم ساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 25 سەنت) لە جووتیاران بکڕێتەوە. پار حکومەت هەر کیلۆیەک گەنمی بە 17 هەزار و 500 تمەن (ئەو کات دەیکردە 24.5 سەنت و ئێستا دەکاتە 21 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، پار بڕی گەنم لەو وڵاتە گەیشتە نزیکەی 15 ملیۆن تۆن و حکومەت زیاتر لە 12.5 ملیۆن تۆنی لە جووتیاران کڕی. پێشبینی دەکرێت بڕی گەنمی ئەم ساڵ بگاتە 11 ملیۆن تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ