لە سنووری هەڵەبجە گورگ پەلاماری شوانێک دەدات؛ 'پێنج پەنجەمی قرتاند'

31-08-2023
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
حوسێن حەمەشامە، ئەو شوانەی گورگ پەلاماری داوە
حوسێن حەمەشامە، ئەو شوانەی گورگ پەلاماری داوە
A+ A-
 
رووداو - شارەزوور

گورگ پەلاماری پیاوێکی شوانکارە لە گوندی نەوێ لە بناری سوورێنی سەر بە ناحیەی خورماڵ لە هەڵەبجە دەدات و شوێنی کەڵبەکانی گورگەکەش لەسەر رووخسار و جەستەی شوانکارەکە جێماون.
 
حوسێن حەمەشامە، نیوە زیاتری تەمەنى لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا بەسەربردووە، یەکەمجارە لە نزیکەوە گورگ ببینێت، بەڵام هەر ئەو یەک جار بینینە، بووەتە هۆکارى ئەوەى لە مردن بگەڕێتەوە. گێرانەوەى ئەو رووداوە، وەک خۆى دەڵێت، "هەر بە دەم ئاسانە."
 
حوسێن حەمەشامە، ئاژەڵدار دەڵێت، "10 خولەکێک رۆژى مابوو، لەو شاخە بووم لاى ئاژەڵەکان، لەپڕ گورگەکەم بینى و هات بۆم، یەکەمجار پەلامارى دام راومنا و رایکرد؛ دیسان هاتەوە و قەپى کرد بە سەرمدا، ویستى قوڕگم بگرێت، غیرەتم بەردایە خۆم و گوتم با نەمکوژێت، دەستم کرد بە دەمیا، ئەو پێنج پەنجەیەمى قرتاند، ئیدی سوێ چووە دڵمەوە."
 
پەیامنێری رووداو پێش گەیشتنی بە گوندى نەوێ، هەواڵى گورگە پەلاماردەرەکەی لە هەندێک خەڵک پرسى؛ ستار حامید، ئاژەڵدار گوتی، "من چەندێکە لەم گوندە شوانم، گورگم نەدیوە، بەڵام دەڵێن کە گورگ هەیە."
 
رێبوار محەممەد کرێکارە و ئاماژە بەوە دەکات، "لەو لووتکەى شاخە بووە، پەلامارى کاک حوسێنى داوە و بریندارى کردووە. 10 بۆ 12 ساڵە شۆڤڵم پێیە و سوتفەی گورگم نەکردووە." جەلال حەمەعەلى، جووتیار دەڵێت، "من ئەو رۆژە لەو دەشتە بووم، هەواڵەکەیان پێدام، چووم بۆ سەردانى، دەموچاوى و سەرى هەمووى وێران بووە."
 
هەمان رۆژى رووداوى یەکەم، گورگەکە پەلامارى گەشتیارێکى دابوو، کە بۆ ماسى کڕین چووبووە ناوچەکە بۆلاى حەوزى ماسیفرۆشەکانى گوندەکە، ئەویشی بریندار کردبوو، بەڵام برینەکەى سووکتر بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە