رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر گردبوونەتەوە کە چەو و لم دەگوازنەوە و دەڵێن، ''بازگەکان رێگە نادەن بەبێ پسوولەی سۆنەر تێپەڕن، بەڵام سۆنەرەکان بارەکانمان بۆ ناکێشن".
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-08-2025، ژمارەیەک شوفێری بارهەڵگر لە سنووری کەرکووک لە بازگەی دارەمانی شارەکە گردبوونەوە.
بەختیار، کە یەکێکە لە شۆفێرانی بارهەڵگر بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''کێشەمان ئەو رێگەوبانەیە، ئێمە قوم و چەو دەگوێزینەوە، کاژێرێک بۆ کاژێرێک و نیو رێگە دەبڕین، بەڵام ئێستا لە بازگەکان دەڵێن بچنە سۆنەر، کەچی سۆنەریش دەڵێت مەیەنە ژوورەوە و ئامێرەکە چەو و لم ناخوێنێتەوە''.
بەگوتەی شۆفێران، سەرەڕای ئەوەی سۆنەرەکان پێیان راگەیاندوون کە چەو و لم وەک باری دیکە پێویستی بە پشکنین نییە و ئامێرەکەیان نایخوێنێتەوە، هەندێک لە بازگەکان بەبێ نووسراوی سۆنەر رێگە بە تێپەڕبوونیان نادەن.
شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگر لەبارەی هۆکاری گرفتەکەوە بە رووداوی گوت، ''ناوە ناوە ئەوانەی لە بازگەکان دەبن، دەگۆڕدرێن و گرفتمان بۆ دروست دەکەن. ئەگەر نا دوو مانگە هیچ کێشەیەکمان بۆ هاتووچۆ نەبووە و پێویست بە هیچ ئامێرێکی سۆنەر نەکراوە. کاتێک دەیانزانی باری چەو و لممان پێیە، داوای هیچیان لێ نەدەکرین و رێگەیان دەدا بڕۆین.''
ئێستا بارهەڵگرەکان لە بازگەی دارەمان وەستاون، رێگەی تانکەر و بارهەڵگرەکانی دیکەیان داخستووە و بەوهۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر دروست بووە.
تیمەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانیش بڵاوکرانەوە، بۆ ئەوەی بەهۆی خۆپێشاندانەکەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ