رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە "تووندترین شێوە" سەرکۆنەی هێرشی سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە پیرمام دەکات. دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیدی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە".
لە پەیامێکدا کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نیگەرانی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین؛ بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن؛ مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین".
مەسرور بارزانی داوای هەڵوێست لە حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیدی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ ناوهێنانی گرووپە چەکدارەکان رایگەیاندووە، "ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕ و ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتوە".
مەسرور بارزانی داواشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی هەبوو
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، کاژێر 11:45ـی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام - هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادیی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
لەبارەی هێرشەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە. ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێدەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، ئەمڕۆ یەکەشەممە رایانگەیاند، شەوی رابردوو بە درۆن فڕۆکەخانەی هەریریان لە پارێزگەی هەولێر بۆردوومان کردووە و لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، شەوی رابردوو هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
کێ بەرپرسیارە لە هێرشەکان؟
پێشتر گرووپێک بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانەی دەکرێن لەئەستۆ دەگرت، بەڵام لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای پێشمەرگە تائێستا راگەیێندراوی نییە.
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گرووپەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لە زیاتر لە 100 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا راگەیاندووە.
ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندین جار لە عێراق و سووریا هێرشی کردووەتە سەر پێگە و بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، کە دوایینیان رۆژی سێشممەی رابردوو، 26ی کانوونی یەکەم بوو، کاتێک کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە، سێ شوێنی کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق بۆردوومانکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ