رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارین و خلیسکبوونی رێگەوبانەکان، ژمارەیەک پاسی گەشتیاری لەنێو رواندز ماونەتەوە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکە دەڵێت، شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکەن و تیمەکانیشیان سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-12-2025، شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین رووی لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد و بەهۆیەوە لە قەزای رواندزی پارێزگای هەولێر کۆمەڵێک گەشتیاری سەری ساڵی زایینی، لە رێگەکاندا گیریان خواردووە.
پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزای رواندز بە ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''داوا لە خەڵکی دەرەوەی رواندز دەکەم کە نەیەنە نێو شارەکە، چونکە زۆربەی رێگەکان داخراون.''
بەگوتەی پارێز یوسف، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بەهۆی خلیسکبوون، رێگەی شوێنە گەشتیارییەکانی بێخاڵ و گەلی عەلی بەگیان داخستووە، ''تیمەکانمان بەردەوام سەرقاڵی راماڵینن و، خوێ بەسەر رێگەوبانەکاندا دەپڕژێنن، بۆ ئەوەی بەستەڵەکەکە بتوێننەوە.''
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز سەبارەت بەو گەشتیارانەی بۆ سەری ساڵی زایینی هاتوونەتە قەزاکە و بەهۆی بەفربارینەوە گیریان خواردووە گوتی، ''هەوڵ دەدەین دابەشی سەر هۆتێل و مۆتێلەکانیان بکەین.''
چەند کەسێک بە شەقامێکی رواندز دەڕۆن و ببینە چۆن بەهۆی بەفر و شەختەوە دەخلیسکێن، ئۆتۆمبێلیش دەخلیسکێ
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 31, 2025
ڤیدیۆ: ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو pic.twitter.com/QWfUJVX9I6
تەنیا لە چیای کۆڕەک نزیکەی 100 شوێنی مانەوە و لە شنگلبانە 113 خانوو و ڤێلای گەشتیاری هەن. پارێز یوسف ئەوەشی خستەڕوو، رێگەی شنگلبانەیان کردووتەوە و گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن، ''بەڵام رێگەی چیای کۆڕەک نەکراوەتەوە و تیمەکانمان هێشتا سەرقاڵی کردنەوەی ئەو رێگەیەن.''
سەرەڕای ئەوەی لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە بەشێک لە ناوچانەکانی پارێزگای دهۆک، ئیدارەسەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران و بەشێکی ئیدارەی راپەڕین، قەزاکانی مێرگەسۆر، ئامێدی و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێری کردووە، گەشتیاران بەتایبەتی لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە، بۆ پشووەکانی سەری ساڵی زایینی، سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو ناوچانە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ