رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژی 1ی ئاداری 2026 بۆ سەر ئێران بەردەوام بوون. لە رۆژی دووەمی هێرشەکان دا ئەمریکا و ئیسرائیل بەخەستی هێرشیان کردە سەر تاران و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بارەگاکانی سوپای پاسداران و پاسەوانیی سنووریان کردنە ئامانج.
لە دووەم رۆژی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەیان بنکە و بارەگای سەربازی، حکومی و دادوەری کرانە ئامانج و پێشبینی دەکرێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کوژرابن.
بەیانی و ئێوارەی یەکشەممە ١ی ئاداری ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە، مووشەک و درۆن هێرشێکی قورسیان کردە سەر دەیان بنکە و ناوەندی سەربازی و ئەمنی و حکومی لە تارانی پایتەختی ئێران.
لە سەرەتای هێرشەکانی یەکشەممەدا، باڵەخانەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، باڵەخانەی وەزارەتی ئیتلاعات (هەواڵگری) بە خەستی بۆردوومان کران. ئەو کەسانەی ڤیدیۆی بۆردوومانەکەیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن، بەشی زۆری باڵەخانەکەکانی ئیتلاعات داڕماون.
هەروەها باڵەخانەکانی قەرارگەی (ساروڵڵا)ـی سوپای پاسداران بۆردوومان کراون. ئەو قەرارگەیە بەرپرسی کۆنترۆڵی ئەمنیی پایتەختی ئێرانە.
ئێوارە و شەوی یەکشەممە چەندین جار باڵەخانەی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران(سەدا و سیما) و، بەشی تەکنیکی و ئیداریی میدیای فەرمیی ئێران بۆردوومان کرا و بۆ ماوەیەک پەخشی میدیای فەرمیی ئێران وەستا، بەڵام دواتر پەخشەکەی دەستپێکردەوە. دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران دەڵێت، زیان بەر بەشێک لە باڵەخانەکەیان کەوتووە.
لە تاران بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران و هەروەها ژمارەیەک بنکەی پۆلیس لە گەڕەکە جیاوازەکانی ئەو شارە کرانە ئامانج.
هەروەها باڵەخانەی دادگەی شۆڕشی تاران لە شەقامی شەریعەتیی ئەو شارە و چەند ناوەندێکی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری لە پایتەختی ئێران بۆردوومان کران.
بنکەی (میقداد)ـی بەسیج لە شەقامی ئازادیی تارانیش بۆردوومان کرا و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، خاپوور کراوە.
بارەگای وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێرانیش کرایە ئامانج. بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، هەر لە تاران نەخۆشخانەی گاندی کراوەتە ئامانج.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، شەوی یەکشەممە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەند ئامانجێکیان لە نێو بازاڕی گەورەی شارەکەش بۆردوومان کردووە.
هەر لە پارێزگای تاران، باڵەخانەی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیس لە شاری رێی و چەند خانووەکی دەوروبەری کراونەتە ئامانج. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هیرشەکەدا ژمارەیەک کەس کوژراون.
لە شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خوزستان، بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، پاسەوانیی سنوور و هەروەها پۆلیس کراونەتە ئامانج. لە چەند ئامانجێکی دەوروبەری فڕۆکەخانەی شارکەش دراوە.
رۆژی یەکشەممە لە تەورێزیش، فڕۆکەخانە و هەروەها بنکەی هێزی ئاسمانیی شارەکە چەند جار بۆردوومان کران. پێگەیەکی گەورەی بەرگری ئاسمانیی ئێران لەنێو بنکە ئاسمانییەکەدایە.
ئەمڕۆ پێگە سەربازی و بنکە مووشەکییەکان لە شاری چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانیش کرانە ئامانج.
لە شاری بەندەرعەباسی پارێزگای هورموزگان، بارەگای هێزی دەریایی سوپای پاسداران کرایە ئامانج. هەروەها بۆمبارانی بەندەری باهونەری شارەکە کراوە کە بەڕێوەبردنی لەدەست سوپای پاسداران دایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ